ترەمپ هێرش دەکاتە سەر ئەو شرۆڤەکارە راستڕۆیانەی دژی جەنگی ئێرانن

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تووڕەیییەکی زۆرەوە هێرشی کردە سەر چەندین شرۆڤەکاری ناوداری راستڕۆ کە رەخنەیان لە جەنگی ئێران گرتبوو. ترەمپ ئەو هاوپەیمانە کۆنانەی خۆی بە "شێت" و "گەمژە" وەسفکرد کە تەنیا بە دوای ناوبانگدا دەگەڕێن.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی درێژدا کە نزیكەی 500 وشە بوو، هێرشی کردە سەر هەر چوار کەسایەتیی دیاری میدیایی: تەکەر کارڵسن، میگن کێڵی، کاندیس ئۆوێنز و ئەلێکس جۆنز. ئەمانە کە پێشتر پشتگیرییان لە ترەمپ دەکرد، ئێستا رەخنەی تووندی لێ دەگرن و تۆمەتباری دەکەن بەوەی بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردنی بۆ "دوورکەوتنەوە لە جەنگ" شکاندووە و کەوتووەتە ژێر گوشاری ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی جەنگی ئێران.
 
ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەوانە خەڵکێکی گەمژەن، خۆشیان دەیزانن، خێزانەکانیشیان دەیزانن و هەموو کەسیش دەیزانێت! ئەوانە هەموویان لە تەلەفزیۆن دەرکراون، بەرنامەکانیان لەدەستداوە و تەنانەت وەک میوانیش بانگێشت ناکرێن چونکە کەس بایەخیان پێ نادات. ئەوانە کۆمەڵێک شێت و ئاژاوەگێڕن."
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە کێشە کۆنەکەی ساڵی 2015ـی خۆی لەگەڵ میگن کێڵی کردەوە و گوتی، ئەو "بە ناشرینی" پرسیارە بەناوبانگەکەی لە سەر مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ ژن لێ کردووە. هەروەها هێرشی کردە سەر تەکەر کارڵسن بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی زانکۆی نییە، گوتیشی ئەلێکس جۆنز شایەنی ئەوەیە مایەپووچ ببێت بەهۆی بانگەشەکانی لە سەر رووداوەکانی تەقەکردن لە قوتابخانەکان.
 
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پەلاماری کاندیس ئۆوێنزی دا کە پێشتر تۆمەتی بۆ بریژێت ماکرۆن، خانمی یەکەمی فەرەنسا دروست کردبوو. ترەمپ گوتی: "لە راستیدا لای من خانمی یەکەمی فەرەنسا زۆر لە کاندیس جوانترە، تەنانەت بەراوردیش ناکرێن." هیوایشی خواست بریژێت ماکرۆن لەو سکاڵایەدا سەرکەوتوو بێت کە دژی ئۆوێنز تۆماری کردووە.