رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێک، ئەمریکا کەوتە نێو کێبڕکێیەکی تووند لەگەڵ کاتدا بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی جەنگی ئیسرائیل و لوبنان ببێتە هۆی پەککەوتنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو کردووە هێرشەکانی سەر حیزبوڵڵا کەم بکاتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 10-04-2026 بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا کە "کورتتر بووە لە پەیوەندییە ئاساییەکانی پێشوویان،" پەیامێکی گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. ترەمپ گوتوویەتی، هەرچەندە لە پێویستیی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی تێدەگات، بەڵام دەبێت هێرشەکانی لوبنان کەم بکرێنەوە تاوەکو متمانەی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەق نەبێت.
هاوکات، ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC) گوتی: "پێم وایە دەبێت کەمێک لەسەرخۆتر بین لە بەرەی لوبنان."
راندە سەلیم، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەیمانگەی ستیمسن دەڵێ: "لەم قۆناخەدا، کەمکردنەوەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران دەستپێبکەن."
ئەم داوایەی ترەمپ دوای ئەوە هات، هەریەکە لە ئێران و پاکستان ناڕەزایەتییان دەربڕی و گوتیان هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، وەک "پێشێلکردنی ئاگربەست" دەبینرێت.
سەرەڕای داواکەی ترەمپ، بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند: "هیچ ئاگربەستێک لە لوبنان لە ئارادانییە و ئێمە بە هەموو هێزمانەوە لە حیزبوڵڵا دەدەین." ئیسرائیل پلانی هەیە کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی خوار رووباری لیتانی (30 کیلۆمەتر لە سەر سنوورەوە) بگرێتە دەست.
رۆژی چوارشەممە، تەنیا چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران، ئیسرائیل 100 هێرشی بۆ سەر لوبنان کرد کە تێیدا زیاتر لە 300 کەس کوژران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن لەو هێرشانەدا زیاتر لە 200 چەکداری حیزبوڵڵایان کوشتووە.
لە لایەکی دیکە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران رۆژی پێنجشەممە داوای "قەرەبووی زیانەکانی جەنگ"ـی لە ئەمریکا کرد و جەختی کردەوە، دەبێت کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز لە دەستی ئێراندا بمێنێتەوە.
بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی ئاشکرایان کرد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی "راستەوخۆی" نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و حکومەتی لوبنان بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە واشنتن دەستپێبکات. .
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە 2ـی ئادارەوە زیاتر لە 1,800 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون.
ئەمریکا ترسی هەیە کە تاران جەنگی لوبنان وەک "کارتێکی گوشار" بەکاربهێنێت بۆ وەرگرتنی سازشی زیاتر لە سەر مێزی دانوستاندن.
باربرا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: "کات لە بەرژەوەندیی ئیدارەی ترەمپدا نییە و سەرۆک ئێستا بە باشی لەمە تێدەگات،" بۆیە واشنتن هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو پێش کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە لە پاکستان، بەرەی لوبنان هێور بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ