رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات، شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، درەنگی شەوی پێنجشەممە گەیشتووتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان. تاوەکو ئێستا ئێران ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانەی کە ئاگاداری بابەتەکەن و قسەیان بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی کردووە، شاندەکەی تاران لە لایەن هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە سەرکردایەتی دەکرێت. ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی باڵاترین بەرپرسانی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانانی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە.
لەلایەکی دیکە هەردوو ئاژانسی هەواڵی مێهر و فارسی ئێرانی، کە هەرچەندە حکومی نین بەڵام لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران نزیکن، هەواڵی سەردانی بەرپرسانی ئێرانییان بۆ ئیسلام ئاباد رەتکردەوە. هاوکات، ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێت، هەواڵی چوونی شاندی دانوستاندکاری ئێران بۆ پاکستان راست نییە و دەشڵێت: "تاوەکو ئەمریکا پابەندی ئاگربەست نەبێت و رژێمی زایۆنی بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، دانوستاندن بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە."
بڕیارە رۆژی شەممە 11-04-2026، پاکستان میوانداریی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات بکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، شەوی سێشەممە، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی 14 رۆژی. پێشبینی دەکرێت جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندی واشنتن بکات لەم گفتوگۆ چاوەڕوانکراوانەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ