رووداو دیجیتاڵ
هەڵکشانی نرخی وزە، بازاڕی ئۆتۆمبێلی لە جیهاندا شڵەقاندووە. گرژییەکانی تەنگەی هورمز و گەیشتنی نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار، چینییەکانی ناچار کردووە بە خێرایی روو لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکەن. لێرە لە چین، چیدی ژینگەپارێزی تەنیا هۆکاری کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی نییە، بەڵکو پاراستنی گیرفانی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانە.
وانگ هێنگ، شۆفێری تەکسی لە پەکین بە رووداوی گوت، "بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، بەم دواییە ئەم ئۆتۆمبێلە کارەباییەم کڕیوە، چونکە تێچووی زۆر کەمترە و بۆ کارەکەی من گونجاوە."
ئامارەکان سەرسوڕهێنەرن؛ تەنیا لە مانگی ئازاری 2026دا، فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە چین 900 هەزار دانەی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی پێوانەییە کە دەگاتە 94% بەراورد بە مانگی پێشتر. ئێستا 36 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەسەر شەقامەکانی ئەم وڵاتەدان و پێشبینی دەکرێت تەنیا ئەم ساڵ 20 ملیۆنی دیکەش بفرۆشرێن.
جین شین ژۆنگ تێنگ، خاوەنی کۆمپانیای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بۆ رووداوی باس کرد، "بەهۆی گۆڕانکاریی دۆخەکەوە، ئێستا کڕیارێکی زۆرمان هەیە و رۆژانە بە تێکڕا 240 بۆ 260 ئۆتۆمبێل دەفرۆشین. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئاڵۆزییەکانی دۆخی ئێران، خەڵکی نیگەران کردووە کە تێچووی ژیانیان زیاتر بێت، بۆیە ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی وزە کڕیاری زیاتر بۆ خۆیان رادەکێشن."
کارەبای هەرزان و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، چینی کردووەتە گەورەترین بەرهەمهێنی وزەی خاوێن لە جیهاندا. شۆفێرەکان لێرە، تێچووی کەم و گرژییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دەکەنە پێوەر بۆ پشتکردنە ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی و رووکردنە تەکنەلۆژیای نوێ.
وانگ شیاو شیاو، بەڕێوەبەرێکی سەرچاوە مرۆییەکانە و بۆ رووداو باسی لەوە کرد، "من بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لێرەم بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی. کوالێتییان زۆر باشە و تێچووی کەمە، بەتایبەت بۆ من کە هاتووچۆم لەنێو شاردا زۆرە، خەرجیی سووتەمەنی کێشەیەکی گەورە بوو."
ئێستا زیاتر لە 55%ی فرۆشی ئۆتۆمبێلی نوێ لە چین کارەباییە؛ وڵاتێک کە جڵەوی 70%ی بەرهەمهێنانی ئەم کەرتەی لە هەموو جیهاندا گرتووەتە دەست و بووەتە پێشەنگی گۆڕانکاری لە پیشەسازیی گواستنەوەدا.
گرژی و کێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سێبەری بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا کێشاوە، بەتایبەت لە چین کە نرخی سووتەمەنی تێیدا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە. ئەگەر پێشتر خەڵک لەبەر ژینگە ئۆتۆمبێلی کارەباییان دەکڕی، ئێستا زیاتر لەبەر گیرفانیانە؛ چونکە لەم دۆخەدا، کارەبا نەک هەر دۆستی ژینگە، بەڵکو دۆستی ئابووریی خێزانەکانیشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ