دادگەیەکی ئەمریکا بڕیاری ئازادکردنی خوێندکارێک دەردەکات دژی شەڕی غەززە بەشداری لە خۆپێشاندان کردبوو

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی فیدراڵیی ویلایەتی ڤێرمۆنت بڕیاری دا خوێندکارێک بەناوی رومەیسا ئۆزتورک بەپەلە ئازاد بکرێت، کە بە تۆمەتی خۆپێشاندان دژی شەڕی غەززە دەستگیر کرابوو.
 
وەکو دەزانرێت، لەم مانگانەی دواییدا ڤیزەی هەزاران خوێندکاری نێودەوڵەتی لە ئەمریکا هەڵوەشێندراوەتەوە بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپێشاندانەکانی دژی شەڕی غەززە. خوێندکاران لە شەقامەکاندا لەلایەن پۆلیسی کۆچبەران (ICE)ـەوە دەستبەسەر کران و لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی پەنابەران راگیران.
 
دوو خوێندکاری خاوەن (گرین کارد) لە نیویۆرک دەستبەسەر کران و خوێندکارێکیش بەناوی رومەیسا ئۆزتورک، کە هاووڵاتیی تورکیایە، مانگی رابردوو کاتێک لە شەقامێکی بۆستن بە پیادە دەڕۆیشت، دەستبەسەر کرا و ماوەی 45 رۆژە لە ویلایەتی لویزیانا لە ناوەندێکی پەنابەران راگیراوە.
 
لە ئەمریکا سکاڵا دژی ئەو دەستبەسەرکردنانە تۆمار کراون و لە چەند هەفتەی رابردوودا دوو کەس بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی ئازاد کراون. هاوکات، وا دەردەکەوێت دادگەکانی ئەمریکا دژی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیار دەردەکەن.
 
جێسی رۆسمان، پارێزەرە لە ئەمریکا و دەڵێت، "دادگە ئەمڕۆ رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ کردووە. دادگە سەلماندی کە داواکارییەکانیان بۆ پرۆسەی دادپەروەری بەپێی هەموارکردنی یەکەم و پێنجەمی دەستوور زۆر گرنگن، لەکاتی دادگاییکردندا بەپێی داواکارییەکەی جێبەجێ دەکرێت و لەم نێوەندەشدا، رومەیسا لە لویزیانا بە کەفالەت ئازاد دەکەن."
 
لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەمریکی و خوێندکاران لەبەردەم دادگەکان خۆپێشاندان دەکەن بۆ ئازادکردنی ئەو خوێندکارانەی دەستبەسەر کراون. دوای بڕیاری ئازادکردنی رومەیسا ئۆزتورکیش، خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی.
 
وەفیق فاعور، یەکێکە لە خۆپێشاندەرەکان و دەڵێت، "زۆر دڵخۆشم. دەزانین حکومەت هیچ هۆکارێکی نییە بۆ زیندانیکردنی رومەیسا، مەحسون یان مەحموود. ئەمە مافی هەموارکردنی یەکەمی دەستوورە. بۆیە دەزانین لە کۆتاییدا سەردەکەوین. دەزانین نادادپەروەری هەیە. دەزانین پاڵپشتیمان بۆ پرسی فەلەستین گەورەتر دەبێت."
 
جەیمس لیس، هاووڵاتییەکی دیکەیە و باسی لەوە کرد، "زۆر بەجۆشم. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە، هەم بۆ ئازادیی رادەربڕین و هەم بۆ فەلەستین."
 
سالۆما فورلۆنگ، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "جێی دڵخۆشییەکی زۆرە. ئەمە رێک باشترین شت بوو کە ئەمڕۆ دەمانتوانی هیوای پێبخوازین. زۆر دڵخۆشم ئەم بڕیارە درا."
 
بەپێی ئەو بڕیارەی دادگە، پێویستە رومەیسا ئۆزتورک بە کەفالەت لەو شوێنەی لێی راگیراوە، واتە لە لویزیانا، ئازاد بکرێت. دۆسیە سەرەکییەکەی دژی ئەو لەم نێوەندەدا بەردەوامە و لە 22ی ئەم مانگە دادگایی دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئەو کاتە پێویستە رومەیسا ئۆزتورک ئازاد بێت.