رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فینلاند رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن فڕۆکەکانی سوپای رووسیا لە کەنداوی فینلاند ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە.
رۆژی دووشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2024، ئانتی هاکانین، وەزیری بەرگریی فینلاند رووسیای بە بەزاندنی سنووری ئاسمانی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئێمە ئەو پێشێلکارییە گوماناوییەی خاکمان بە جیددی وەردەگرین و لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە".
بەگوتەی وەزیری بەرگریی فینلاند، فڕۆکەکەی رووسیا دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە چووەتە نێو خاکی فینلاند، بۆ دوو خولەک لە ئاسمانی فینلاند ماوەتەوە و 2.5 کیلۆمەتریش چووەتە نێو قووڵایی خاکی فینلاند.
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە، پەیوەندیی نێوان رووسیا و فینلاند کە سنوورێکی 1,340 کیلۆمەترییان بەیەکەوە هەیە، لە ساڵی رابردووەوە بەرەو گرژی چووە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو فینلاند بووە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ.
رۆژی 4-4-2024، لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی رێکخراوی ناتۆدا، بەشێوەیەکی فەرمی فینلاند بووە بە 31ـەمین ئەندامی رێکخراوەکە و ئاڵای ئەو وڵاتە لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسڵ هەڵکرا.
ئەوە یەکەمجار نییە فینلاند رووسیا بە بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات، لە ئابی 2022 فینلاند رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە.
لە تشرینی دووەمی رابردوو، فینلاند سنوورەکانی بەڕووی رووسیا داخست ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە هەزار کۆچبەر بەنایاسایی لە رووسیاوە چوونە نێو خاکی فینلاند.
بەرپرسانی فینلاند رووسیایان بەوە تۆمەتبا کرد، کە بەئەنقەست هانی کۆچبەران دەدات رووبکەنە نێو خاکی فینلاند، رووسیاش بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ