یەکێتیی ئەورووپا پەڕاوێکی دیکەی لێکۆڵینەوە بۆ تیکتۆک دەکاتەوە

10-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی پاراستنی داتای ئیرلەندا (DPC)، کە چاودێریی پاراستنی داتا دەکات لە یەکێتیی ئەورووپا، رایگەیاند: لێکۆڵینەوەیەکی نوێی لەبارەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکەوە دەستپێکردووە، هۆکارەکەیشی بۆ گواستنەوەی داتای بەکارهێنەرانی ئەورووپی بۆ سێرڤەرەکانی لە چین گەڕاندووەتەوە. 
 
کۆمیسیۆنەکە رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، رایگەیاند، تیکتۆک لە مانگی نیساندا ئاگاداری کردوونەتەوە کە "ژمارەیەکی سنوورداری داتای بەکارهێنەرانی ناوچەی ئابووریی ئەورووپا (EEA) لە راستیدا لەسەر سێرڤەرەکانی چین هەڵگیراون" و دواتر سڕاونەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بەڵگانە بوو کە پێشتر کۆمپانیاکە پێشکەشی کردبوو.
 
لە مانگی ئایاردا، کۆمیسیۆنی پاراستنی داتا بە بڕی 530 ملیۆن یۆرۆ (620 ملیۆن دۆلار) سزای تیکتۆکی دا، هۆکارەکەیشی بۆ ناردنی داتای کەسی بۆ چین گەڕاندەوە.
 
دەستەی چاودێرییەکە رایگەیاند، لە لێکۆڵینەوەی پێشوویاندا "نیگەرانیی قووڵ"ـی خۆیان دەربڕیوە لەوەی "تیکتۆک زانیاریی نادروستی پێشکەش کردووە."
 
تیکتۆک پلانی هەیە تانە لە سزاکەی مانگی ئایار بدات، کە دووەم گەورەترین سزایە لە مێژوودا لەلایەن کۆمیسیۆنی پاراستنی داتای ئیرلەنداوە سەپێندرابێت.
 
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە ساڵانێکە لەژێر چاودێریی حکومەتە رۆژئاواییەکاندایە، بەهۆی ترسیان لەوەی داتای کەسی لەلایەن چینەوە بۆ مەبەستی سیخوڕی یان پڕوپاگەندە بەکاربهێندرێت، بەڵام تیکتۆک جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرگیز هیچ داواکارییەکی لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە پێنەگەیشتووە بۆ وەرگرتنی داتای بەکارهێنەرانی ئەورووپی.
 
گەورە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان
 
تیکتۆک، کە 1.5 ملیار بەکارهێنەری لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، لقێکی کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیی چینیی بایت دانسە.
 
کۆمیسیۆنی پاراستنی داتا ئەرکی دڵنیابوونەوەی لەوەیە کە کۆمپانیاکان پابەندی یاسای گشتیی پاراستنی داتای یەکێتیی ئەورووپا (GDPR) بن، کە لە ساڵی 2018ـەوە بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی ئەورووپی لە پێشێلکاریی داتاکانیان دەرچووە.
 
ساڵانێک، تیکتۆک بانگەشەی بۆ سیاسەتەکانی پاراستنی داتای خۆی دەکرد. کۆمپانیاکە پڕۆژەیەکی بە ناوی "پڕۆژەی کڵۆڤەر" (Project Clover) راگەیاندبوو، کە پلانێکی 12 ملیار یۆرۆیی بوو بۆ وەبەرهێنان لە ئاسایشی داتای ئەورووپا لە ماوەی 10 ساڵدا.
 
تیکتۆک لە ئەمەریکاش رووبەڕووی گوشار بووەتەوە، کە ئەگەری قەدەخەکردنی هەیە ئەگەر کڕیارێکی ناچینی بۆ نەدۆزرێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە