ترەمپ سەرکردەکانی ئەورووپا بە "لاواز" ناو دەبات و پێشنیازی کەمکردنەوەی هاوکاری بۆ ئۆکراینا دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووند لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپا دەگرێت و بە "لاواز" وەسفیان دەکات. ئاماژەش بەوە دەکات، رەنگە ئەمریکا پشتیوانی و هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراینا کەم بکاتەوە.
 
لە هەڤپەیڤینێکی فراواندا لەگەڵ ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ (Politico)ی ئەمریکی، ترەمپ رایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا "بەرەو پووکانەوە دەچن،" بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی قەیرانی کۆچبەران بکەن یان هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، هەروەها تۆمەتباری کردن بەوەی رێگەیان بە کیێڤ داوە درێژە بە شەڕەکە بدات.
 
ئەم رەخنە ئاشکرایەی ترەمپ لە سەرکردایەتیی ئەورووپا، رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سەرکردەکانی ئەورووپا لە لەندەن کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەوڵە هاوبەشە بەردەوامەکانیان بۆ راگرتنی جەنگی سێ ساڵ و 10 مانگی ئۆکراینا.
 
کاتێک پرسیاری لێکرا، ئایا ئەورووپا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە؟ ترەمپ گوتی، "ئەوان زۆر قسە دەکەن، بەڵام کرداریان نییە. جەنگەکەش هەر بەردەوامە."
 
لە چاوپێکەوتنەکەی پۆلیتیکۆدا، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، دانوستاندنکارانی ئۆکراینا پێشنیازەکەی ئەمریکایان "لەلا پەسند بووە،" بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، زیلینسکی هێشتا پلانە نوێیەکەی نەخوێندووەتەوە.
 
هەروەها ترەمپ داواکارییەکانی پێشووی دووبارە کردەوە، بۆئەوەی کیێڤ هەڵبژاردن ئەنجام بدات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرایناشی تۆمەتبار کرد بەوەی، "جەنگ بەکاردەهێنن" وەک بیانوویەک بۆ ئەنجامنەدانی.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "دەزانن، ئەوان باس لە دیموکراسی دەکەن، بەڵام رەنگە بگاتە قۆناخێک کە ئیدی دیموکراسی نامێنێت."
 
سەرکردەکانی ئەورووپا هەوڵیان داوە رۆڵێکیان هەبێت لەو هەوڵانەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، چونکە دەترسن ئەمە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی کیشوەرەکە لەپێناو چارەسەرێکی خێرادا.
 
ترەمپ بەردەوامە لە زیادکردنی گوشارەکان بۆسەر ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا تاوەکو بە رێککەوتنی ئاشتی رازی بێت، داوای لێکردووە، "نەرمی بنوێنێت" لە رێگەی دەستبەرداربوونی خاک بۆ مۆسکۆ.
 
هەروەها ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریی دا، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا "رەنگە چیدی وەک وڵات بەکەڵک نەمێنن، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن." دەشڵێت، "ئەوەی لە بابەتی کۆچدا دەیکەن کارەساتە."
 
ترەمپ وڵاتانی هەنگاریا و پۆڵەندای جیاکردەوە کە "کارێکی زۆر باش" لە پرسی کۆچدا دەکەن؛ بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی نەتەوەکانی ئەورووپا "خەریکە دەپووکێنەوە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا گوشاری خستووەتە سەر سەرکردەکانی ئەورووپا و ناتۆ، بۆئەوەی یارمەتیدەر بن لە پاشگەزکردنەوەی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی رێککەوتنێک کە کیێڤ دەترسێت وای لێبکات لەبەردەم هێرشەکانی داهاتوودا پارێزراو نەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە ترەمپ بەبێ خستنەڕووی بەڵگە، ئاماژەی بەوە کرد کە زیلینسکی لەمپەری سەرەکییە لەبەردەم ئاشتیدا و گوتی، "رووسیا رازییە بە پلانی ئاشتییەکە کە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەردوولا دیاری کراوە."
 
بەڵام ئەورووپییەکان نیگەرانن لەو پلانەی ئەمریکا، پێیانوایە سازشی گەورەی بۆ ئۆکراینا تێدایە و هاوپەیمانان دەترسن وڵاتەکە لاواز بکات بەرامبەر هێرشی نوێی رووسیا.
 
هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەی پۆلیتیکۆدا، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، دابەشبوونی نێوخۆی ئەورووپییەکان رەنگە هەڕەشە بۆسەر هاوپەیمانێتیی نێوان واشنتن و ئەورووپای لێبکەوێتەوە.
 
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئەو سەرکردانەی کە ئەو بە لاوازیان دەبینێت هێشتا دەتوانن هاوپەیمان بن، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "ئەوەیان دەکەوێتە سەر دۆخەکە و پێموایە ئەوان لاوازن، بەڵام پێشموایە ئەوان نازانن چی بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە