كۆلیبالی، ساركۆزی بینیوەو پێی سەرسام بووە

11-01-2015
حەسەن هیممەتی
نیشانەکردن کۆلیبالی پاریس
A+ A-

رووداو - رادیۆ زەمانە

ئامەدی كۆلیبالی، ئەو كەسەی هێرشیكردە سەر بازاڕگەی جوولەكەكان لە پاریس، لەماوەی پێنج ساڵ و نیوی رابردووش لەنێو رۆژنامە و گۆڤارەكان ناوی هەبووە، ئەوكاتە لەگەڵ گروپێكی 10 كەسی گەنج رۆیشت بەرەو كۆشكی ئێلیزا تاوەكو بتوانێت سەرۆكی ئەوكاتەی فەرەنسا نیكۆلای ساركۆزی ببینێت.

سەرەتای ساڵی 2009  ئەو كاتەی كە ساركۆزی سەرۆكی فەرەنسا بوو، بۆ یەكەمجار پێشوازی لە گرووپێكی 10 كەسی گەنجان كرد بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر رەوشی ئەوكاتەی وڵات و چۆنێتی بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی. كۆلیبالی یەكێك بوو لەو 10 گەنجە، كە ئەوكات تەمەنی 27 ساڵ بوو و لە كۆمپانیای كۆكاكۆلا خەریكی وانەوەرگرتن بوو.

گۆڤاری (لۆپاریزین) ئەم دیدارەی سەرۆكی فەرەنسای بڵاوكردەوە و لە وێنەكانیشدا كۆلیبالی دەردەكەوێت. كۆلیبالی بۆ گۆڤارەكە گوتبووی، ساركۆزی كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەری.

دوای پێنج ساڵ و نیو، دووبارە ناوی كۆلیبالی بیسترا لەنێو رۆژنامە و گۆڤارەكان، بەڵام ئەمجارە بەشێوازێكی دیكە و بە چیرۆكێكی جیاواز.

لە 8-1-2015  گرووپێكی ئیسلامی توندڕەو هێرشیانكردە سەر نووسینگەی گۆڤاری (شارلی ئێبدو) كە تێیدا 12 كەس كوژران، دوای لێكۆڵینەوە زانرا كە ئەم هێرشە لەلایەن دوو براوە ئەنجامدراوە بە ناوەكانی سەعید كواشی و شەریف كواشی. رۆژێك دواتر هێرشێكی دیكە كرایەسەر ماركێتێكی تایبەت بە جوولەكەكان، ئەم هێرشەیان كۆلیبالی ئەنجامیدا.

كۆلیبالی لە رۆژی 9-1-2015 لەنێو ماركێتەكەوە تەلەفۆنی بۆ كەناڵی (BMFTV ) فەرەنسی كرد و قسەی لەگەڵ كردن. وەك كەناڵەكە بڵاویكردووەتەوە كۆلیبالی، گوتوویەتی ئەم كارەی ئەنجامداوە تەنیا لەبەرئەوەی كە حكومەتی فەرەنسا هێرشی كردووەتە سەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا. پەیامنێری تەلەفزیۆنەكە لێی پرسیوە ئایا بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە فەرمانتان پێكراوە؟، وەڵامی كۆلیبالی "بەڵێ" بووە.

كۆلیبالی لەكاتی قسەكردنی لەگەڵ پەیامنێری تەلەفزیۆنەكە خۆی ناساندووە و گوتوویەتی، كە یارمەتیدەری برایانی كواشی بووە و "بڕیارمان وابووە كە ئەوان هێرش بكەنەسەر گۆڤاری( شارلی ئێبدو) منیش هێرش بكەمەسەر پۆلیس".

كۆلیبالی منداڵی حەوتەمی خێزانێکی 10 كەسییە و لە باشووری شاری پاریس لەدایكبووە، چەندجارێك لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە بە تۆمەتی جیاواز. ئەو هەروەها دەستی هەبووە لە رزگاركردنی كەسێكی ئیسلامی لە بەندیخانە و لەكاتی دەستگیركردنیدا 240 مەخزەنی كڵاشینكۆف لە ماڵەكەیدا دۆزرایەوە و سزای 5 ساڵی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام سزاكەی سووككراو ساڵی 2013 ئازادكرا.

كاتێك كۆلیبالی لەنێو ماركێتی جوولەكەكان بوو و تەلەفۆنی لەگەڵ كەنەڵە فەرەنسییەكە دەكرد، لێیان پرسی چەند كەس لەنێو ماركێتەكەن، گوتی: "4 كوژرا و 17 زیندوو". دوای ئەوە پەیوەندییەكەی داخست و پۆلیس لەماوەی قسەكردنی توانی شوێنەكەی بدۆزێتەوە و لە كاژێر 5ی ئێوارە دژەتیرۆر هێرشیكردە سەر ماركێتەكەو كوشتیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە