کۆشکی سپی: دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد سێ قۆڵی و رووبەڕوو بوون

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی رایگەیاند، شاندەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران و پاکستان لە شاری ئیسلامئاباد دەستیان بە گفتوگۆیەکی سێقۆڵیی "رووبەڕوو" کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێکی باڵا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
رۆژی شەممە 11-04-2026 بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ئەمجارە هەر سێ لایەنەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و رووبەڕوو کۆبوونەتەوە. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە شێوازی گفتوگۆکان، چونکە لە چەند هەفتەی رابردوودا واشنتن و تاران تەنیا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە و لە ژووری جیاوازدا پەیامیان دەگۆڕییەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، شاندە باڵاکەی ئەمریکا بۆ ئەم دانوستاندنە یەکلاکەرەوانە پێکهاتووە لە: جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ.
 
کۆشکی سپی ناوی ئەندامانی شاندەکانی ئێران و پاکستانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەم کۆبوونەوە سێقۆڵییە لە کاتێکدایە، هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران لە سەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی رێککەوتوون. ئامانجی سەرەکیی "گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد" دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسیی هەمیشەیییە بۆ ئەو ململانێیە سەربازییەی کە بازاڕی وزەی جیهانی پەکخستووە و ناوچەکەی خستووەتە ناو قەیرانێکی قووڵەوە.
 
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە نوێیە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی دەستی کردووە بە پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مینە دەریایییەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە