کوردێکی خەڵکی زاخۆ لە میونشن خاوەنی یەکێک لە بەناوبانگترین چێشتخانە هیندییەکانی ئەڵمانیایە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
چێشتخانەی "مادام چەتنی"
چێشتخانەی "مادام چەتنی"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری میونشنی ئەڵمانیا و لە نزیک گۆڕەپانێکی قەرەباڵخی خواردنی شەقام، چێشتخانەیەکی هیندی ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە و وەک یەکێک لە باشترین چێشتخانە هیندییەکانی ئەڵمانیا دەناسرێت. چیرۆکی سەرکەوتنی ئەم چێشتخانەیە سەرنجڕاکێشە، چونکە خاوەنەکەی خێزانێکی کوردی کۆچەری خەڵکی زاخۆن.
 
رەمەزان کۆچەر، خاوەنی چێشتخانەکە، لەبارەی چیرۆکی ژیانی خۆیەوە دەڵێت کە تاوەکو تەمەنی 15 ساڵی لە کوردستان ژیاوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ساڵانی 1983 بۆ 1988 ناچار بووە کۆچ بکات. ئەو سەرەتا رووی لە دیاربەکر کردووە و تاوەکو ساڵی 1989 وەک کرێکار لە کەمپێکدا ژیاوە، دواتر چووەتە یۆنان و پاشان لە ئەڵمانیا جێگیر بووە.
 
کۆچەر ئاماژە بەوە دەکات کە کارکردن لە چێشتخانەدا خەونی ئەو نەبووە، بەڵکو چارەنووس وای ویستووە. سەرەتا کۆمپانیایەکی پاککردنەوەی دامەزراندووە و دواتر بیرۆکەی کردنەوەی چێشتخانەی هیندی لە رێگەی کوڕەکەی و هاوڕێیەکی هیندییەوە لای گەڵاڵە بووە. هەرچەندە لە سەرەتادا دوودڵ بووە لە هاوبەشیکردن لەگەڵ کەسێکی هیندیدا بۆ کارێکی لەو شێوەیە، بەڵام ئێستا خۆی و هەر سێ کوڕەکەی وەک خاوەنی پرۆژەکە لە چێشتخانەکەدا کار دەکەن.
 
پراتێک رێن، کە لەگەڵ ئەو خێزانە کوردە پێکەوە خاوەنی چێشتخانەی "مادام چەتنی"ـن، باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی پرۆژەکەی دەکات کە لە ساڵی 2016 دەستی پێکرد و لە ساڵی 2017 یەکەم لقی چێشتخانەکەی کردەوە. بەهۆی قەرەباڵخییەوە، بڕیاری داوە شوێنێکی گەورەتر بدۆزێتەوە و لەگەڵ ئەو هاوبەشانە رێککەوت کە خاوەنی شوێنێکی گەورەتر و شارەزایی بوون.
 
ئەو کارسازە هیندییە ئاماژە بەوە دەکات کە لێکچوونی کولتووری، بەتایبەتی لە بواری میواندارییدا، هۆکارێکی سەرەکیی هاوبەشییەکەیان بووە، چونکە لە هەردوو کولتووری کوردی و هیندیدا رێزێکی زۆر لە میوان دەگیرێت و وەک ئەندامی خێزان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. دەربارەی سەردانیکردنی کوردستانیش، هیواخوازە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی بکات و بیبینێت.
 
چێشتخانەی "مادام چەتنی"، ناوبانگێکی زۆری لە میدیاکاندا بەدەستهێناوە و ئێستا وەک یەکێک لە 10 باشترین چێشتخانە هیندییەکان لەسەر ئاستی ئەڵمانیا پۆلێن دەکرێت. میوانانی چێشتخانەکە ستایشی خواردنە رەسەن و بەتامەکەی دەکەن و دەڵێن، خواردنەکانیان بە بەهاراتی فرێش ئامادە دەکرێن و هەستێکی هاوشێوەی خواردنی ماڵەوە دەبەخشن، ئەوە سەرەڕای کەشوهەوا کۆمەڵایەتی و میواندۆستانەکەی.
 
رێناس بێسێ، کوڕی گەورەی رەمەزان کۆچەر و یەکێکی دیکە لە خاوەنەکانی چێشتخانەکە، باس لەوە دەکات کە پلانیان هەیە لقی دیکەی "مادام چەتنی" لە شارەکانی دوسلدۆرف، شتوتگارت و هامبۆرگ و دواتر لە سەرانسەری ئەوروپاش بکەنەوە. هاوکات دەڵێت، خەونی کردنەوەی چێشتخانەیەکی کوردیشی هەیە، چونکە هەست دەکات خواردنی کوردی لە ئەوروپا کەمتر ناسراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە