رووسیا هێرشێكی فراوانی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا، ئاگر بەسەر بەرەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینادا دەبارێنێت. بە فڕۆکە، تۆپ، درۆن و هێزێكی زۆری پیادە، دەستی بە هێرشێكی فراوان کردووە.
ناوچەی خارکیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کە 20 مانگە رووسیا لێی کشاوەتەوە و لە مانگی 11ـی پارەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات؛ یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکەی رووسیا.
ڤۆلۆدیمیر زیلینیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ "رووسیا دەستی بە هێرشێکی فراوان لە هەموو بەرەکان کردووە، بەڵام یەکێك لە ئامانجە سەرەکییەکانی داگیرکردنی ناوچەی خارکیڤە؛ سوپامان ئامادەی بەرگریکردنە و هێرشەکەیان تێکدەشکێنین."
نزیکەی 7 مانگ دواکەوتن لە هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا، هێزی دایە بەر رووسیا و توانی رووبەری زیاتر لە هەرێمی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ بکات.
پاکێجە 61 ملیار دۆلارییەکەی ئەمریکا، فڕۆکەی ئێف 16 و گوللـە تۆپی 155 ملیمی و کەرەستەی سەربازی و لۆجستی تێدایە، بەڵام لەنێوان حوزەیران و تەمووزی ئەمساڵ، دەگەنە ئۆکراینا.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە ئەگەری هەیە رووسەکان خۆیان بۆ هێرشێكی فراوان بۆ سەر خارکێڤ ئامادەکردبێت. ئێمە 61 ملیار دۆلارمان بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا تەرخانکردووە؛ ئەو چەکانەی پێشکێشی کێیڤی دەکەین، توانای زیاتر دەکەن بە جۆرێك رووسیا نەتوانێت لە هێرشەکەیدا وەرچەرخان بکات."
لە شوباتی 2022ـوەوە رووسیا توانیویەتی کەمتر لە 20٪ـی رووبەری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ بکات.
سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خیرسۆن، زاپۆرۆژییا، دۆنێتسک و لۆهانسکدا جێگیرکردووە. سەرچاوەکانیش باس لە پیلانی رووسیا دەکەن بۆ دروستکردنی پشتێنەیەک لە دەوروبەری خارکێڤ بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر تاوەکو رێگری لە تۆپبارانی ئۆکراینا بکات بۆ نێو رووسیا.