رووداو – ئەڵمانیا
هەردوو حكومەتی ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە شارۆچكەی كلێڤەی باكووری رۆژئاوای ئەڵمانیا كۆبوونەوەیەكی راگۆڕینەوەیان سازكرد، چوار كچی كوردیش كۆبوونەوەكەیان بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی داواكاریەكانیان بگەیەننە ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا.
ئەو كۆبوونەوەیە رۆژی 23ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو كە ژمارەیەكی زۆر لە وەزیرانی هەردوو حكومەتی ئەڵمانیا و هۆڵەندا بەشدارییان تێدا كرد. كۆبوونەوەی راگۆڕینەوە بە بەشداری ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا و مارك روتتە، سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە ساڵۆنی مۆزەخانەی شاری كلێڤە سازكرا.
یەكێك لەو كەسانەی كە لەو كۆبوونەوەیەدا دەرفەتی بۆ رەخسا لەگەڵ ئەنگێلا مێركل بدوێت، كچە كورد رۆژدا گودەن بوو، رۆژدا گوتی دیداری مێركڵی زۆری پێ خۆش بووە، چونكە بە دەگمەن ئەو جۆرە دەرفەتانە بۆ مرۆڤ دێنە پێشێ.
چیرۆكی دیداری هەر چوار كچی كورد لەگەڵ ئەنگێلا مێركل سەرنجڕاكێشە. رۆژدا گوتی پووری ئەو بە ناوی (گولۆ ئۆزدەم) نۆ ساڵە لە كافتریای مۆزەخانەی شاری كلێڤە كار دەكات، لەبەر ئەوەی لەو رۆژەدا كۆبوونەوەی حكومەتی ئەڵمانیا و هۆڵەندا بوو، كافتریاكە زۆر پێویستی بە كارمەند بوو، گولۆ ئۆزدەم بە رەزامەندی بەڕێوەبەری مۆزەخانە كەسە نزیكەكانی خۆی كە بریتین لە مزگین، لەیلا، ئەڤین لەگەڵ خۆی بردبوون.
داوای هاوكارییان كرد بۆ ماڵی ئێزدیان
لە كاتی پشووی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو حكومەت، سەرۆك وەزیرانی هەردوو وڵات و وەزیر و نێردراوانی دیكەی بەشداربووی كۆبوونەوەكە روو دەكەنە كافتریاكە. هەرچوار كچە كوردەكە ئەوە بە دەرفەت دەزانن كە خۆیان بە ئەنگێلا مێركڵ بناسێنن و داوای لێ بكەن هاوكاری ماڵی ئێزدیان بكات لە شاری كالكار.
رۆژدا گودەن كە خۆی ئێزدییە، لەبارەی دیداری لەگەڵ مێركڵ بە (رووداو)ی گوت "كە چاوم پێكەوت، پرسیاری لێكردم من كێم و چ كار دەكەم. منیش پێمگوت كە من ئەندامی دەزگای كۆمەڵایەتی ئێزدییەكانم و داوام لێكرد هاوكاری ماڵی ئێزدییەكان بكات كە تازە دادەمەزرێت. ئەویش پرسیاری كرد ماڵی ئێزدیان لە كوێ دادەمەزرێت، منیش پێمگوت لە شاری كالكار".
رۆژدا گودەن ئاشكرای كرد لەبەر ئەوەی زۆر كەس حەزیان دەكرد قسە لەگەڵ مێركڵ بكەن و وێنەی لەگەڵ بگرن، نەیتوانی بەدرێژی قسەی لەگەڵدا بكات. بەڵام مێركڵ بە وردی گوێی لێگرتبوو، رۆژدا هەروەها ئاشكرای كرد كە هەرسێ كچی دیكەی خزمی خۆی لە دواییدا توانیان قسە لەگەڵ مێركڵ بكەن و هەمان داواكاری ئاراستە بكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ