پێش لووتکەی ئالاسکا؛ مێرتس سەرکردەکانی ئەورووپا، ترەمپ و زیلینسکی کۆدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، مێرتس پلانی هەیە رۆژی چوارشەممە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەورووپا بکات، ئەمەش دوو رۆژ پێش لووتکەی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە ئالاسکا.
 
رۆژی دووشەممە 11ـی ئابی 2025، نووسینگەکەی مێرتس رایگەیاند، لەگەڵ سەرکردەکانی "فینلەندا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ئۆکرانیا، سەرۆکانی کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی ئەورووپا، سکرتێری گشتیی ناتۆ، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی" لەسەر پرسی ئۆکراینا گفتوگۆ دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەوان گفتوگۆ لەسەر "بژاردەی زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی رووسیا بخەنە ژێر گوشار" و "ئامادەکاری بۆ گفتوگۆکانی ئاشتیی و پرسە پەیوەندیدارەکانی داواکاریی خاک و ئاسایش".
 
نووسینگەی راوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها گوتیشی، گفتوگۆکان لەسەر بانگهێشتی مێترسن، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات.
 
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان، سەرۆکی ئۆکراینا، سەرۆکی یەکێتیی ئەورووپا و سکرتێری گشتیی ناتۆ دەبێت. 
 
میدیای ئەڵمانیا هەروەها دەشڵێت، دوای ئەمە پەیوەندییەکی هاوبەش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک بکرێت.
 
لووتکەکەی نێوان ترەمپ و هاوتا رووسییەکەی ڤلادیمیر پووتین، نیگەرانیی لای سەرکردەکانی ئەورووپا دروستکردووە، کە رەنگە رێککەوتنێک بکرێت و تێیدا کیێڤ ناچار بکات دەستبەرداری بەشێکی بەرفراوانی خاکەکەی بێت.
 
رۆژی دووشەممە، ستێفن مایەر، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا، هەڵوێستی بەرلینی دووپاتکردەوە کە "نابێت سنوورەکان بە زۆر بگۆڕدرێن"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە نابێت ئۆکراینا دەستبەداری خاکەکەی بێت. 
 
هەر ئەمڕۆ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن هەوڵدەدات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە لووتکەی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا و رووسیادا بەشدار بێت.