بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر ئەفغانستانی هەژاند


رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر باکووری پارێزگای هیراتی هەژاند و تائێستا گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 55ـی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە. ئەوەش دوای بوومەلەرزەی رۆژی شەممە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار کەس.
 
رۆژی چوارشەممە، 11-10-2023، کاتژمێر 5:10ی بەیانی، بوومەلەرزەیەک لە دووریی 28 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای هیراتی ئەفغانستان و بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر روویدا، بەپێی میدیای ئەفغانستان، تائێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە و 55ـی دیکە بریندارن.
 
میدیای ئەفغانستان دەڵێت: "بوومەلەرزەکە لە ناوچەکانی سنووری ئەفغانستان و تورکمانستانیش هەستی پێکراوە".
 
ئەمە لە کاتێکدایە هێشتا کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەی رۆژی شەممە لەسەر هیرات ماوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 2 هەزار و 53 کەس و برینداربوونی هەزار و 240ـی دیکە و، رووخانی هەزار و 320 خانوو.