رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی بە "یاسای قەیسەر" ناسراون لەسەر سووریا، پێشنیازەکە لە چوارچێوەی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2026 جێگیر کرابوو.
پرۆژەیاسای قەیسەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سووریا، لە ساڵی 2019 بوو بە یاسا، بە ئامانجکردنی بەرپرسان و ئەندامانی رژێمی بەشار ئەسەد بوو کە تۆمەتباربوون بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
ئەنجوومەنی نوێنەران بە 312 دەنگ بەرامبەر 112 هەڵوەشاندنەوەی یاساکەی پەسەند کرد کە لەلایەن هەردوو پارتی گەورەی ئەمریکا (کۆماری و دیموکراتەکان) پاڵپشتی دەکرا.
ئێستا پڕۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی پیران دەکرێت، ئەگەر پەسەند بکرێت، دەخرێتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ واژۆکردنی تاوەکو بڕیارەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
هەڵوەشاندنەوەی سزاکان مەرجی ئەوەی هەیە کە هە 180 رۆژ جارێک بۆ ماوەی چوار ساڵ پێداچوونەوە بە دۆخی سووریادا بکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی دیمەشق رێوشوێنی گونجاو دەگرێتەبەر لە بوارەکانی وەک شەڕی دژی داعش، دەرکردنی چەکدارانی بیانی لە پۆستە حکومییەکان و پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان.
ئەگەر حکومەتی ئەمریکا بۆی دەرکەوت حکومەتی سووریا لەو ئامانجانە لایداوە، پڕۆژەیاساکە ئەوەی دیاری کردووە کە دەتوانرێت سزا بەسەر هەر بەرپرسێکی سووریادا بسەپێنرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق رێڕەوەکەی راست دەکاتەوە.
هێزە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا رژێمی ئەسەدیان رووخاند و کۆتایی بە دەیان ساڵ لە دەسەڵاتی ئەسەد هات. لەو کاتەشەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سووریا بەرەو باشبوون چوون و دیمەشق هەوڵی داوە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا سزاکانیان لەسەر هەڵبگرن.
دۆناڵد ترەمپ لە ئایاری ئەم ساڵدا و لە کەنداو رایگەیاند، سزاکانی سەردەمی ئەسەد لەسەر سووریا هەڵدەگرێت.
لە مانگی ئابدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سووریا لە لیستی سزاکانی وڵاتەکەی دەردەکات.
مانگێک دواتر ئەندامانی کۆنگرێس پڕۆژەیاسایەکیان پێشکێش کرد بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا مانگی رابردوو سەردانی واشنتنی کرد، وەزارەتی گەنجینە و بازرگانی ئەمریکا رایانگەیاند، سزاکانی یاسای قەیسەر بۆ ماوەی 180 رۆژ لادەبرێن، بەدەر لە هەندێک مامەڵەی دیاریکراو لەگەڵ رووسیا و ئێران.
لە نێو بڕگەکانی دیکەی پڕۆژەیاساکەدا کە کاریگەرییان لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، مەرجێک لەسەر لوبنانیش دادەنێت و تێیدا هاتووە، دەکرێت هاوکارییەکان بۆ سوپای لوبنان ببەسترێتەوە بە بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵادا.
ئەم پڕۆژەیاسا گەورەیە، کە لە زیاتر لە 3000 لاپەڕە پێکهاتووە، بەردەوامیی گرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران لەخۆدەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ