رووداو- هەولێر
رۆژی هەینی 12-2-2016، 52-یەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداریی 450 کەسایەتی سیاسی جیهانی لە ئەڵمانیا دەستبەکارەکانی دەکات کەتایبەتە بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی لە جیهان و بەرەنگاربوونەوەی شەڕی داعش و قەیرانەکانی سووریا.
مامۆستایەکی سیاسەتی نێودەوڵەتیش ئاماژە بە گرنگی کۆنفرانسەکە بۆ کورد دەکات بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی یەکێک لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
لوقمان حەکیم، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە میانی بەشداریکردنی لەبەرنامەی نووڕۆژی رووداو، لەبارەی گرنگی کۆنفرانسەکەی میونشن رایگەیاند: "بۆ دووەمجارە مسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئەمنی میونشن بەشداریی دەکات، کە هەموو وڵاتە زلهێزەکانی جیهان تیێدا کۆدەبنەوە و ئەوە مانایەکی گەورەی بۆ کورد هەیە".
لوقمان حەکیم گوتی: "پێگەی کورد لە کۆنفرانسەکە بە هێزە و هاوکات ئاماژەی دیکەی هەیە کە وڵاتانی جیهان پێگەی کورد بە بەهێزی دەبینن".
رۆژی پێنجشەممە 11-2-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاساییشی میونشن 2016 لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێكەوت.
بەپێی راگەیێندراوێكی فەرمی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی كۆنفرانسەكەدا بارزانی بەشداری پانێڵێكی تایبەت دەبێت لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەی تیرۆر، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیێندراوەكە، بڕیارە لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا بارزانی دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی وڵاتان و كەسایەتییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ