سوپای ئەمریکا: ئاگر لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، رۆژی 12ی ئادار ئاگر لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵدا فۆرد کەوتەوە، بەڵام رووداوەکە پەیوەندی بە جەنگ و هێرشی سەربازییەوە نییە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئاگرەکە لە بەشی جلشۆردنی کەشتییەکەدا کەوتوەتەوە و توانراوە بە خێرایی کۆنترۆڵ بکرێ.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ئەنجامی رووداوەکە 2 دەریاوانی ئەمریکی برینداربوون و ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن، دۆخی تەندروستییان جێگیرە و برینەکانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکردووە."
سوپای ئەمریکا باس لەوە دەکات کە هیچ زیانێک بەر بزوێنەر و سیستمی پاڵنەری کەشتییەکە نەکەوتووە و فڕۆکەهەڵگرەکە بە تەواوی توانای خۆیەوە لە کارکردن بەردەوامە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئێستا کەشتیی جێراڵد فۆرد و گرووپی هێرشبەری یاوەری، لە دەریای سوور جێگیرن بۆ پاڵپشتیکردن لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.