ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات: سوپا ئامادەیە و ئەوەی ماوە لەنێودەبردرێ

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد، فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد، گەمارۆیەکی تەواوەتی بخاتە سەر تەنگەی هورمز. ترەمپ تاران بە "سەرانەسەندنی جیهانی" تۆمەتبار دەکات و دەڵێ، چیدیکە رێگە بە هیچ کەشتییەک نادەن باج بە ئێران بدات.
 
شکستی دانوستاندنە 20 کاژێرییەکەی ئیسلامئاباد
 
رۆژی یەکشەممە 12-04-2026 سەرۆکی ئەمریکا گوتی، زانیاریی وردی پێدراوە لە سەر ئەو کۆبوونەوە مێژووییەی کە لە شاری ئیسلامئابادی پاکستان لەنێوان شاندی ئەمریکا (جەی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر) و شاندی ئێران (محەممەد باقر قالیباف، عەباس عێراقچی و عەلی باقری) بەڕێوەچوو.
 
ترەمپ گوتی: "کۆبوونەوەکە نزیكەی 20 کاژێر بەردەوام بوو. زۆربەی خاڵەکان رێککەوتنیان لە سەر کرا، بەڵام تاکە خاڵێک کە بە راستی گرنگ بوو، کە ئەویش دۆسیەی ئەتۆمییە، رێککەوتنی لە سەر نەکرا." 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئێران هێشتا سوورە لە سەر ویستە ئەتۆمییەکانی و گوتی: "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
 
گەمارۆی دەریایی و قەدەخەکردنی "سەرانە"
 
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا یەکسەر دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییانەی دەیانەوێ بچنە ناو تەنگەی هورمز یان لێی بێنە دەرەوە. ترەمپ گوتی، تاران لەرێگەی باسی "هەبوونی مین" دەیەوێ سەرانە لە جیهان بسێنێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستە درێژەکەیدا نووسی: "فەرمانم بە هێزی دەریاییمان کردووە رێگری لە هەر کەشتییەک بکەن کە سەرانەی بە ئێران دابێت. هیچ کەسێک بە سەلامەتی تێناپەڕێت، ئەگەر سەرانە بە ئێران بدات." هەروەها جەختی کردەوە، ئەمریکا دەست دەکات بە لەناوبردنی ئەو مینانەی ئێران لە ناو تەنگەکەدا چاندوونی.
 
 "سوپای ئەمریکا لە ئامادەیی تەواودایە"
 
سەرۆکی ئەمریکا وێنەیەکی وێرانکەری تواناکانی ئێستای ئێرانی کێشا و گوتی: "هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە، بەرگریی ئاسمانی و راداریان بێسوودن و زۆربەی سەرکردەکانیشیان مردوون." 
 
ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی کۆتایی دایە تاران و گوتی: "ئێمە ئێستا لە ئامادەیی تەواوداین و سوپاکەمان کۆتایی بەو تۆزەش دەهێنێت کە لە ئێران ماوە، ئەگەر تەقەمان لێ بکەن."
 
دەقی پەیامەکەی ترەمپ:
 
"ئێران بەڵێنی دا تەنگەی هورمز بکاتەوە، بەڵام بە ئەنقەست شکستی هێنا لە جێبەجێکردنی. ئەمە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ، پەککەوتن و ئازار بۆ چەندین کەس و وڵات لە سەرانسەری جیهان. ئەوان دەڵێن مینمان لە نێو ئاوەکەدا داناوە، هەرچەندە هەموو هێزی دەریایییان و زۆربەی مینڕێژکەرەکانیان بە تەواوی تەقێندراونەتەوە. رەنگە وایان کردبێت، بەڵام چ خاوەن کەشتییەک دەیەوێ ئەو سەرکێشییە بکات؟ ئەمە بێ رێزییەکی گەورە و زیانێکی هەمیشەییە بە ناوبانگی ئێران و ئەوەی لە 'سەرکردەکانیان' ماوەتەوە، بەڵام ئێمە لەوە تێپەڕیوین. وەک چۆن بەڵێنیان داوە، باشترە بە خێرایی دەست بکەن بە کردنەوەی ئەم رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییە! هەموو یاساکان لە لایەن ئەوانەوە پێشێل دەکرێن. من بە تەواوی لە لایەن جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس، نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەرەوە زانیارییەکانم پێدرا سەبارەت بەو کۆبوونەوەیەی لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچوو، بە سەرکردایەتییەکی میهرەبان و زۆر لێهاتووی سوپاسالار عاسم مونیر و سەرۆکوەزیران شەهباز شەریف. ئەوان کەسانی زۆر باشن و بەردەوام سوپاسم دەکەن بۆ رزگارکردنی ژیانی 30 بۆ 50 ملیۆن کەس لەو جەنگە وێرانکەرەی کە دەکرا لەگەڵ هیندستان رووبدات. من هەمیشە پێزانینم هەیە کاتێک ئەوە دەبیستم- ئەو هەموو مرۆڤایەتییەی باسی لێوە دەکرێ بڕواپێنەکراوە. کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئێران بەیانیی زوو دەستی پێکرد و تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام بوو، نزیكەی 20 کاژێر. دەتوانم بچمە نێو وردەکارییەکی زۆر و باس لەو شتانە بکەم کە بەدەستهاتوون، بەڵام تەنیا یەک شت گرنگە، ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری ویستە ئەتۆمییەکانی ببێت! لە چەندین رووەوە، ئەو خاڵانەی رێککەوتنیان لە سەر کراوە باشترن لەوەی ئێمە بەردەوامیی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان بدەین، بەڵام هەموو ئەو خاڵانە هیچ گرنگییەکیان نییە بەراورد بەوەی رێگە بدرێ هێزی ئەتۆمی لە دەستی کەسانێکی وا کۆنتڕۆڵنەکراو، سەخت و بێ متمانەدا بێت. هەر سێ نوێنەرەکەم، لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەم هەموو کاتە، جێگەی سەر سوڕمان نەبوو کە بوونە دۆست و رێزیان لە نوێنەرەکانی ئێران گرت؛ محەممەد باقر قالیباف، عەباس عێراقچی و عەلی باقری، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، چونکە ئەوان سەبارەت بە تاکە گرنگترین پرس ئامادە نەبوون دەستبەرداری بن، وەک هەمیشە گوتوومە، رێک لە سەرەتاوە و ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر؛ ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
 
کەواتە، کۆبوونەوەکە باش تێپەڕی، لە سەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتین، بەڵام تاکە خاڵ کە بە راستی گرنگ بوو، ئەتۆمی بوو و رێککەوتنی لە سەر نەکرا. لەم ساتەوە، هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە باشترینی جیهانە، دەست دەکات بە پڕۆسەی گەمارۆدانی هەر کەشتییەک کە بیەوێ بچێتە نێو تەنگەی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە. لە خاڵێکدا، دەگەینە ئەو بنەمایەی کە 'رێگە بە هەمووان دەدرێ بچنە ناوەوە، رێگە بە هەمووان دەدرێت بێنە دەرەوە'، بەڵام ئێران رێگەی بەوە نەداوە، ئەمەش بە گوتنی ئەوەی 'رەنگە لە شوێنێکدا مینێک هەبێت،' کە هیچ کەس جگە لە خۆیان نایزانێت. ئەمە سەرانەسەندنێکی جیهانییە. سەرکردەی وڵاتان، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەرگیز سەرانەیان لێ ناسەندرێ. من فەرمانم بە هێزی دەریاییمان کردووە کە لە سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بە دوای هەر کەشتییەکدا بگەڕێن و رێگری لێ بکەن کە سەرانەی بە ئێران دابێت. هیچ کەسێک رێگەی تێپەڕبوونی سەلامەتی نابێت، کە سەرانەی نایاسایی بدات. ئێمە هەروەها دەست دەکەین بە لەنێوبردنی ئەو مینانەی کە ئێرانییەکان لە تەنگەکاندا دایانناوە. هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان لە کەشتییە ئاشتیخوازەکان بکات، دەنێردرێتە دۆزەخ. ئێران، باشتر لە هەر کەسێک، دەزانێت چۆن کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت کە پێشتر وڵاتەکەیانی وێران کردووە. هێزی دەریاییان نەما، هێزی ئاسمانییان نەما، بەرگریی ئاسمانی و راداریان بێسوودە، خومەینی و زۆربەی سەرکردەکانیان مردوون، هەمووشی بەهۆی ویستە ئەتۆمییەکەیانەوە. گەمارۆکە بەم زووانە دەستپێدەکات. وڵاتانی دیکەش بەشدار دەبن لەم گەمارۆیەدا. رێگە نادرێ ئێران قازانج لەم کارە نایاساییەی سەرانەوەرگرتنە بکات. ئەوان پارەیان دەوێ و لەوەش گرنگتر، ئەتۆمیان دەوێ. لە ساتێکی گونجاودا، ئێمە لە ئامادەیی تەواوداین، سوپاکەمان کۆتایی بەو تۆزەش دەهێنێت کە لە ئێراندا ماوە.