لە هێرشی سەر قوتابخانەکەی شاری کازان لە رووسیا 9 کوژراو و 32 بریندار هەن

12-05-2021
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن رووسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی سێشەممە لە شاری کازانی پایتەختی کۆماری تاتارستان لە رووسیا گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ هێرشی کردە سەر یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە و لە ئەنجامی هێرشەکەش 9 کەس کوژران و 32 کەسی دیکەش برینداربوون و هێرشکارەکەش دەستگیرکرا.
 
کامبێز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە شاری کازان لە رووسیا رایگەیاند: هێرشەکەی دوێنێ کە کرایە سەر قوتابخانەیەک لە شاری کازان، لەلایەن گەنجێکی تەمەن 19 ساڵان بوو بە چەک و بۆمبی دروستکراو، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 9 کەس گیانیان لەدەستدا، کە 7یان منداڵن و قوتابی ئەو قوتابخایە بوونە، دوو کوژراویش مامۆستان و ئەوەی دیکەش کارمەندی قوتابخانەکە بووە.
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو دوێنی لە سەروبەندی هێرشەکە هەندێک زانیاری ناڕاست لە میدیای رووسیا بڵاوکرانەوە، سەرەتا رایگەیاندبوو کە هێرشکارەکان دوو کەسن، یەکێکیان دەستبەرسەرکراوە ئەوەی دیکەش لە نهۆمی سێیەم چەند قوتابییەکی بە بارمتە کردووە، بەڵام دوای دەستگیرکردنی هێرشکارەکە دەرکەوت تەنیا یەک کەس بووە، پێشوەختە ئامادەکارییەکی تەواوی بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە کردبوو.
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەر هێرشکارەکە بڵاوکراونەتەوە، ئەو گەنجە رۆژی 28ی 4 سەردانی فەرمانگەکانی کردووە بۆ ئەوەی بە فەرمی مۆڵەتی چەک هەڵگرتنی پێبدەن، تەنانەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش خۆی وەکو "خودا" ناساندووە و ئەوەشی گوتووە کە لەو نزیکانەدا خەڵکێکی زۆر دەکوژێت، قسەکانی ئەو گەنجەش لە سۆشیال میدیا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بە هەند وەرنەگیراوە.
 
پێشتر ئەو گەنجە لە هەمان قوتابخانە خوێندویەتی، تەمەنی 19 ساڵ بووە و قوتابی زانکۆ بووە لە بەشی پرۆگرامسازی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە وازی لە خوێندن هێناوە، لە زانکۆ دەرکراوە.
 
پەیامنێری رووداو باس لەوەش دەکات، لە ئەنجامی هێرشەکە جیا لە کوژرانی 9 کەس، 32 کەسی دیکە برینداربوونە و رەوشی هەندێک لە بریندارەکان خراپە، دوو لەوانەی کە دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە رەوانەی مۆسکۆ کراون.
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو ئەو دوو قوتابیەشی کە لە نهۆمی سێیەمی قوتابخانەکەوە خۆیان هەڵدایە خوارەوە بۆئەوەی خۆیان رزگار بکەن، کە گرتە ڤیدۆییەکەیان لە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە. هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە، بەشێکی زۆریش لە بریندارەکان ئەوانەن کە لە پەنجەرەکانەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە.
 
بەهۆی ئەوەی رووسیا ئاسایشی قوتابخانەکانی تووند کردووە و رێکارەکانی کڕینی چەک بە یاسایی قورسن، رووداوەکانی تەقەکردن کەمتر روودەدەن. 
 
لە ساڵی 2018 نەوجەوانێک 20 کەسی لە کۆلێژی کرێچ کوشت، بۆمبێکی چێندراویشی لە قوتابخانەیەک دانا و لە کۆتاییدا خۆی کوشت. بەهۆی ئەو رووداوەشەوە ئاسایشی قوتابخانەکان تووندتر کران. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە