رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵەندا حکومەتە راستئاژۆ نوێیەکەی ئەو وڵاتە دەستی بە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ کۆچبەری کردووە و بەپێی یاسایەکی هەموارکراو، هەر کۆچبەرێک بەهۆی تاوانەوە بچێتە زیندان مافی مانەوەی هەمیشەیی لەو وڵاتە نامێنێت.
ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پیرانی هۆڵەندا یاسایەکی سەبارەت بەو کۆچبەرانە هەموارکردەوە کە تاوانیان کردووە؛ بەپێی هەموارە نوێیەکە، هەر کۆچبەرێک بەهۆی تاوانەوە بچێتە زیندان، مافی مانەوەی هەمیشەیی لە هۆڵەندا نامێنێت.
بەپێی یاسا، هۆڵەندی و ئەورووپییەکان، هەر کەسێک تاوەکو ماوەیەکی دیاریکراو مافی مانەوەی کاتیی هەبێت، دەبێت دوای ئەوە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی بۆی بکرێتە مافی مانەوەی هەمیشەیی؛ بەڵام لەمەودوا ئەو یاسایە کەسانی تاوانکار ناگرێتەوە.
ئەگەر کەسەکە لە هۆڵەنداش لەدایکبووبێت و هێشتاش نەبووبێتە خاوەنی وڵاتینامە، دەکرێت بەهۆی ئەو هەموارە نوێیەوە مافی مانەوەکەی ببێتە کاتی و هەر کاتێک تاوانی نوێی کردەوە، لە هۆڵەندا دەربکرێت.
لە ساڵانی رابردوودا، پارتە راستئاژۆکان بە بەردەوامی رەخنەیان لە سیستمی وڵاتەکەیان دەگرت و دەیانگوت، کۆچبەران لە زینداندا وەکو میوانی هۆتێلی پێنج ئەستێرە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و کە دێنە دەرەوەش هەموو مافێکیان پارێزراوە. بەو هەموارە نوێیەی ئەنجوومەنی پیران تایبەت بە کۆچبەران لە هۆڵەندا، دەرگا دەکرێتەوە بۆ دیپۆرتکردنەوە و سەندنەوەی مافەکان لە کەسانی تاوانکار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ