گەنجێکی کورد لە بەریتانیا بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە لە باکووری ئینگلتەرا گەنجێکی کوردی تەمەن 25 ساڵ دەستگیر کرا. ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا دەڵێت، کەسە دەستگیر کراوەکە هاووڵاتیی عێراقە.
ئەو گەنجە کوردە سەبارەت بە بەشداریی لە پلاندانان بۆ گواستنەوەی بەقاچاخی کۆچبەران لە سەرتاسەری ئەورووپاوە بۆ فەرەنسا و لەوێشەوە بۆ بەریتانیا، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئاڵ میوڵن، لێکۆڵەری ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا دەڵێت، پێشتریش پیاوێکی کوردی 32 ساڵیان دەستگیر کردووە، کە هاووڵاتیی ئێران بووە و ناوی یەکەمی ئامانج بووە. بە گوتەی ئەو لێکۆڵەرە، ئەو دوو کەسە لە پەڕاندنەوەی خەڵک بە بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا بەشدار بوون.
ئەمڕۆش ئاژانسە بەریتانییەکە رایگەیاند، تۆڕێکی فراوانی قاچاخچێتی بە مرۆڤیان ئاشکرا و دەستگیر کردووە، کە زۆربەیان ئەلبانین و میسریشیان لەنێودایە. ئەو تۆڕە ساڵێک بووە لەژێر چاودێریی دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی بەریتانیادا بوون، دوای کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست، دەستگیر کراون.
هەر ئەمڕۆ لە نۆکەندی ئینگلیز چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا؛ ئەویش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان کون دەبێت. 63 کۆچبەری دیکەی سەرنشینی ئەو بەلەمە لە مردن رزگار کراون و براونەتەوە فەرەنسا. تەنیا رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە 484 کۆچبەر بە بەلەم لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە بەریتانیا. ئەم ساڵ 11 كۆچبەر لەو نێوانەدا خنکاون، کە دووانیان کچۆڵەی 7 ساڵی بوون.