گەنجێکی کورد لە ئەڵمانیا دەبێتە ناوێکی دیار

12-07-2025
هێمن عەبدوڵڵا
ئەو گەنجە جگە لە خوێندن، راهێنەری کەسییە.
ئەو گەنجە جگە لە خوێندن، راهێنەری کەسییە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی کورد لە ئەڵمانیا لە بواری خوێندن و وەرزش دا بووەتە ناوێکی دیاری وڵاتەکە. لە سەر شەقام وەرزش دەکات و خەڵکی شۆک دەکات، لە پۆلیشدا "بازپێدانی پۆل"ی بۆ دەکرێت. 
 
نووبار حوسێن لە ئەڵمانیا راهێنەری کەسییە. واتە کەسێک کە بیەوێ لەشی جوان بێ، لەژێر چاودێری و رێنمایی ئەودا کارەکە دەکات. ئەو کارەکەی بە ستایلێکی جیاواز دەکات، ئەویش ئەوەیە کە بە میوزیکی کوردی دەیکات. بۆخۆیشی هەر بە میوزیکی کوردی نمایشی سەرنجڕاکێش دەکات. 
 
نووبار حوسێن، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی 11 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت، چیرۆکی کۆچ و سەرکەوتنی، بووەتە نموونەیەکی گەش و جێگەی سەرنجی کۆمەڵگەی کوردی و ئەڵمانی، نووبار نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر وڵاتەکەی بەجێهێشتووە، ئێستا لە ئەڵمانیا نەک تەنیا ژیانێکی نوێی دەستپێکردووە، بەڵکو لە دوو بواری تەواو جیاوازدا، خوێندن و وەرزش، توانایەکی لە رادەبەدەری لەخۆی نیشانداوە، نووبار میوانی دیاسپۆرا بوو باسی توانا، بەهرە و خولیاکانی خۆی کرد.
 
یەکێک لە دیارترین دەستکەوتەکانی نووبار لە بواری خوێندندایە، ئەو بەهۆی زیرەکی و بلیمەتییەکەیەوە، توانیویەتی لە سیستمی خوێندنی ئەڵمانیادا ئاستێکی ئەوەندە بەرز پێشکەش بکات کە بەرپرسانی قوتابخانەکەی بڕیاریاندا "بازپێدانی پۆل"ی بۆ بکەن، واتە بەبێ تەواوکردنی پۆلێک، بیگوازنەوە بۆ پۆلێکی بەرزتر، ئەمەش دەستکەوتێکە کە تەنیا بە قوتابییە هەرە زیرەک و بەتواناکان دەدرێت و نیشانەی خێرایی فێربوون و خۆگونجاندنیەتی لەگەڵ ژینگەیەکی نوێی فێربووندا.
 
هاوتەریب لەگەڵ سەرکەوتنە ئەکادیمییەکەیدا، نووبار خولیایەکی قووڵی بۆ وەرزش هەیە، بەتایبەتی وەرزشی "کالیسێنیکس" (Calisthenics)، کە جۆرێکە لە وەرزشی سەرشەقام و تێیدا وەرزشوان پشت بە کێشی لەشی خۆی دەبەستێت بۆ ئەنجامدانی جووڵەی سەخت و سەرنجڕاکێش.
 
نووبار لەمبارەیەوە بە دیاسپۆرای گوت، "ئەم وەرزشە بۆ من وەک عەشق وایە، نەک ئەرکێکی سەربازی یان فەرمانی کەسێک، ئەم حەزە لە قامیشلۆوە لە دڵمدا بووە و لێرە لە ئەڵمانیا دەرفەتم بۆ رەخسا پەرەی پێبدەم و بیکەمە بەشێک لە ژیانم."
 
ئەو تەنیا وەک خولیایەک سەیری ئەم وەرزشە ناکات، بەڵکو بەشداریی لە پێشبڕکێکاندا کردووە و توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئاستی بەهرە و پابەندبوونی ئەو بە وەرزشەکەیەوە دەردەخات.
 
لەپشت ئەم هەموو سەرکەوتنەوە، نووبار ئاماژە بە رۆڵی گرنگی باوکی دەکات وەک گەورەترین پاڵنەر و هاندەری. وەک خۆی دەڵێت، "باوکم زۆرترین وزەی پێداوم، هەمیشە پشتگیریم دەکات و هانم دەدات بۆ ئەوەی باشتر بم و بەردەوام بم لەسەر کارەکانم."
 
ئێستا نووبار خۆی بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ گەنجانی دیکە، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانی لە کاتی ئەنجامدانی وەرزشدا، هەوڵدەدات پەیامی کۆڵنەدان و بەدواداچوونی خەونەکان بگەیەنێت بە هاوتەمەنەکانی. ئەو دەیەوێت بیسەلمێنێت کە مرۆڤ دەتوانێت لە هەر کوێیەک بێت، بە ئیرادە و کاری بەردەوام بگاتە ئامانجەکانی.
 
نووبار ئامانج و خەونی خۆی بۆ بینەرانی دیاسپۆرا ئاشکرا کرد و گوتی، "دەمەوێت ببمە نموونەیەکی باش بۆ خەڵکی، نامەوێت کەس وەک من بێت، بەڵکو دەمەوێت هەریەک خەونی خۆی هەبێت و کاری بۆ بکات، ئێمەی کورد خەڵکی شەڕڤان، خوێندەوار، مامۆستا و وەرزشکارمان هەیە و دەتوانین لە هەموو بوارێکدا سەرکەوتوو بین."
 
چیرۆکی نووبار، چیرۆکی منداڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکی ئیرادە، کۆڵنەدان و تێکەڵکردنی بلیمەتیی ئەکادیمی لەگەڵ حەز و خولیای وەرزشیدایە، ئەو بووەتە ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی ئەڵمانیا کە رووناکییەکەی رەنگدانەوەی بەهرەی منداڵانی کورد و توانای سەرکەوتنیانە لە هەر ژینگەیەکدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە