بەرازیل داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەرازیل داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد لەسەر جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بڕیارە رۆژی هەینی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە نیویۆرک کۆببنەوە.
ماورۆ ڤێرێرا، وەزیری دەرەوەی بەرازیل بەنیازە رۆژی هەینی 13-10-2023 سەردانی نیویۆرک بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
رۆژی یەکشەممە 08-10-2023 و رۆژێک دوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، بەرازیل داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد.
رۆژی چوارشەممە 11-10-2023 لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس داوای هەوڵی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل، "بەتایبەت منداڵان،" کرد.
دا سیلڤا گوتی، "لە هیچ سوچێکی ئەم جیهانە، هەرگیز نابێت منداڵان بە بارمتە بگیرێن." هەروەها گوتی، "حەماس هەرچی زووە پێویستە ئەو منداڵانەی لە خێزانەکانیان جیاکراونەتەوە و رفێندراون، ئازاد بکات. ئیسرائیلیش پێویستە بۆردوومانەکانی بۆ سەر فەلەستین رابگرێت تاوەکو منداڵان لەگەڵ دایکیان بتوانن لە سنووری میسرەوە، غەززە جێبهێڵن."
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، لە 15 ئەندام پێکدێت، کە پێنجیان ئەندامی هەمیشەیی و نەگۆڕن، بریتیین لە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا و رووسیا. هەروەها 10 ئەندامەکەی دیکە هەموو دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن. ئەندامانی ئێستا بریتیین لە: گابۆن، غانا، کینیا، ئیماڕات، هیندستان، ئەلبانیا، بەڕازیل، مەکسیک، ئێرلاند و نەرویج. سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە مانگانە دەدرێتە یەکێک لە ئەندامەکان و بۆ ئەم مانگە بەرازیل سەرۆکایەتی دەکات.
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، ژمارەی ئەوانەی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و 200 کەس و زیاتر لە 5 هەزار و 600 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئامارەکانی سوپای ئیسرائیلیش ئەوە دەردەخەن لە هەزار و 200 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون و هەزار و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت کە زیاتر لە 338 هەزار هاووڵاتی سیڤیلی غەززە لە ئەنجامی بەردەوامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.