ریاز حیجاب: حەشدی شیعی بۆ شەڕی مەزهەبی هاتوونەتە سووریا

12-12-2016
سەرباز سیامەند
فرانسوا ئۆلاند: کۆنترۆڵکردنەوەی تەدموور لەلایەن داعش مانای ئەوە دەگەیێنێت هێشتا داعش بەهێزە
فرانسوا ئۆلاند: کۆنترۆڵکردنەوەی تەدموور لەلایەن داعش مانای ئەوە دەگەیێنێت هێشتا داعش بەهێزە
نیشانەکردن فرانسوا ئۆلاند: کۆنترۆڵکردنەوەی تەدموور لەلایەن داعش مانای ئەوە دەگەیێنێت هێشتا داعش بەهێزە
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بەبێ راگەیاندنی ئاگربەست لە حەلەب ناتوانن بگەنە هیچ چارەسەرێک. سەرۆکی دەستەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریایش دەڵێت "بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، هیچ مەرجێکی پێشوەختەمان نییە".


رۆژی دووشەممە 12-12-2016 فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا و ریاز حجاب، سەرۆکی دەستەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دوای كۆبوونەوەیان كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا.

ئۆلاند گوتی "بەبێ راگەیاندنی ئاگربەست لە حەلەب ناتوانین بگەینە هیچ چارەسەرێک. دەبێت دانوستاندنەکانی سووریا دەستپێبکەنەوە. ئەو تاوانانەش لە رۆژهەڵاتی حەلەب بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجامدەدرێن، دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە".

فرانسوا ئۆلاند گوتیشی "کۆنترۆڵکردنەوەی تەدموور لەلایەن داعش، مانای ئەوە دەگەیێنێت هێشتا داعش بەهێزە. پێویستە رێگە بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بدەین رۆڵی خۆی ببینێت. پێویسیتە رەققە كۆنترۆڵبكرێتەوە، كە لە دوای موسڵ دووەم شوێنی گرنگی ژێر دەستی داعشە".

سەرۆكی فەرەنسا باسی لەوەشكرد وڵاتەكەی كار لەسەر ئەوە دەكات پرۆژەیەك پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایش بكات و گوتی "ئەو شتەی لە عێراق و سووریا روودەدات، دەبێت حیسابی ئەمە بپرسێت. هەڵوێستی حكومەتی سووریا هەروەكو خۆیەتی و هەڵوێستی ئێمەش لەبەرامبەری نەگۆڕاوە. لە دژی حكومەتی سووریاین و پشتیوانیەكانیشمان بۆ دیموكراتیخوازەكانی سووریا بەردەوام دەبێت".

ریاز حیجاب، سەرۆکی دەستەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش رایگەیاند "كارەساتێكی مرۆیی لە حەلەب، حمس، حەما و هەموو ناوچەكانی سووریا دەگوزەرێت و خەڵك رووبەڕووی كارەسات دەبێتەوە". 

لەبارەی حەلەب، ریاز حیجاب گوتی "حکومەتی سووریا و رووسیا هەوڵدەدەن حەلەب وێران بکەن. سوپای سووریا لە حەلەب کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە".

سەرۆکی دەستەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باسی لەوەكرد "سوپاكەی ئەسەد لە بەرامبەر خەڵكی مەدەنی خۆی وەكو شێر دەبینێت و لە تەدمووریش وەك مشك لەبەردەم چەكدارانی داعش رادەكەن. بەڵام ئێمە پابەندین بەشەڕی تیرۆر. چونكە نەخۆشییەكی نامۆیە. بۆیە ئێمە شەڕی تیرۆرۆ، شەڕی داعش و هێزەكانی دیكەش دەكەین".

سەرۆکی دەستەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئاشكرای كرد، هێزەکانی "حەشدی شیعی" هاتوونەتە نێو سووریا و خەریكی شەڕی هەزهەبین. حکومەتی سووریا داوای لە میلیشیا شیعەکانی عێراق کردووە بەشداری شەڕی نێوخۆیی سووریا بکەن و حەشدی شەعبی ئەوە ناشارنەوە كەوا دوای موسڵ دێنە سووریا، ئەمەش لەلایەن ئیرانەوە ئەنجام دەدرێت".

ریاز حیجاب باسی لەوەكرد، هەمیشە رووسیا ئەوان بە مەرجی پێشوەختە تۆمەتبار دەكات و دەشڵێت "پابەندین بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بە رێگەی سیاسی. بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان هیچ مەرجێکی پێشوەختەمان نییە و گەلی سووریا بەهەموو شێوەیەک تیرۆر رەتدەکەنەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە