کۆشکی سپی: ترەمپ بژارەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران بە کراوەیی هێشتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت، دۆناڵد ترەمپ هەموو بژارەکانی بەرامبەر تاران بە کراوەیی هێشتووەتەوە، لەنێویاندا "هێرشی ئاسمانی"؛ ئەوەش بە مەبەستی وەستاندنی کوشتنی خۆپێشاندەران لە شەقامەکاندا.
رۆژی دووشەممە 12-01-2026، کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "خاڵێک کە سەرۆک ترەمپ تێیدا زۆر باشە، ئەوەیە هەمیشە هەموو بژارەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، هێرشی ئاسمانیش یەکێک دەبێت لەو بژارە زۆرانەی لەبەردەم فەرماندەی گشتیدان."
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە "دیپلۆماسی هەمیشە بژارەی یەکەمی سەرۆکە" و ئاشکرای کرد لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، ئێران "تۆنێکی زۆر جیاواز"ـی هەیە.
لیڤیت گوتی: "ئەوەی بە ئاشکرا لە رژێمی ئێرانەوە دەیبیستن، زۆر جیاوازە لەو پەیامانەی ئیدارەکە بە نهێنی پێی دەگات. پێموایە سەرۆک خواستی هەیە بەدواداچوون بۆ ئەو پەیامانە بکات."
پێشتر هەر رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردنەوەی کەناڵێکی پەیوەندیی لەنێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و نێردەی تایبەتی ترەمپدا پشتڕاستکردبووەوە.
رۆژی یەکشەممە ترەمپ رایگەیاندبوو، سوپای ئەمریکا تاوتوێی "بژارەی زۆر بەهێز" دەکات، چونکە "وا دەردەکەوێت" تاران بە کوشتنی خۆپێشاندەران ئەو هێڵە سوورەی بەزاندووە کە پێشتر دیارییکردبوو.
ترەمپ گوتیشی، سەرکردەکانی ئێران داوای کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام "رەنگە ناچارببین پێش کۆبوونەوە، دەست بە جووڵە بکەین."
سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی ئێران، کارۆلین لیڤیت هەبوونی گیانلەدەستدانی لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاستکردەوە. لیڤیت گوتی: "بە دڵنیاییەوە ترەمپ نایەوێت خەڵک لە شەقامەکانی تاران ببینێت کە دەکوژرێن، بەڵام بەداخەوە ئەمە شتێکە ئێستا دەیبینین."