رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە کە دەسەڵاتی ئێران لە ئایندەیەکی نزیکدا ناڕووخێت، چونکە سەرکردەکان هێشتا کۆنترۆڵی دۆخەکەیان لەدەستە و زەوینەش بۆ راپەڕینێکی جەماوەری نییە. رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە کە دوای نزیکەی دوو هەفتە لە دەستپێکردنی جەنگ، سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی ئێران هێشتا کارایە و نەیارە نێوخۆییەکانیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی چڕی هێزە ئەمنییەکانەوە، توانای جووڵەیان نییە.
ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە دڵنیا نییە ئێرانییەکان بتوانن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، هەرچەندە گوتیشی ئیسرائیل کار بۆ رەخساندنی دۆخێک دەکات کە رێگە بەوە بدات.
نەتەنیاهوو گوتی: "ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە گەلی ئێران رژێم دەڕووخێنن؛ بەڵام ئەگەر نەشڕووخێت، زۆر لاواز دەبێت."
سوپای ئیسرائیل ئێستا ئامانجە سەربازییەکانی سنووردار کردووە و زیاتر سەرنجی لەسەر لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران. ناداف شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێ، ئەرکی سوپا تەنیا کەمکردنەوە و دوورخستنەوەی هەڕەشەکانە بۆ درێژترین ماوەی گونجاو.
گوشارەکان و پێگەی موجتەبا خامنەیی
سەرەڕای هێرشەکان، دەسەڵاتی ئێران تاوەکو ئێستا خۆڕاگریی نیشانداوە و هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرە نەوتییەکان لە تەنگەی هورمز بەردەوامن، ئەمەش زیانی زۆری بە ئابووریی جیهان گەیاندووە.
میدیاکانی ئێران رۆژی پێنجشەممە پەیامێکی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە و بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز دەکات.
ئەوەی کە پەیوەندی بە ناوخۆی ئێرانەوە هەیە، هێزە ئەمنییەکان بە چڕی لە شەقامەکانی تاران و شارەکانی دیکە دەبینرێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە جەنگەکە رەنگە زوو کۆتایی بێت، بەڵام ئیسرائیل داوای کاتی زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت گورزی کاریگەرتر لە ئێران بوەشێنێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل ئاگادارن کە ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکادا لەژێر گوشاردایە و رەنگە جەنگەکە کتوپڕ رابگرێ. جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، تەنیا بە هێرشی سەربازی دەسەڵاتی ئێران ناڕووخێت، بەڵکو دەبێت ئەو کارە لەلایەن خودی ئێرانییەکانەوە بکرێت و ئەوەش زیاتر دوای کۆتاییهاتنی جەنگ ئەگەری روودانی هەیە، نەک لە کاتی شەڕدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ