رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی هەرێمی و بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئەکسیۆس کردووە، پاکستان، میسر و تورکیا لە هەوڵێکی چڕدان بۆ نەهێشتنی جیاوازییەکانی نێوان واشنتن و تاران، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ پێش ئەوەی لە 21ی نیساندا وادەی ئاگربەستەکە کۆتایی بێت.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026 سەرچاوەیەکی هەرێمی بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، "ئێمە لە بنبەستێکی تەواودا نین، دەرگاکە هێشتا دانەخراوە. هەردوولا سەرقاڵی گفتوگۆ و مامەڵەن؛ دۆخەکە وەک بازارێکی لێهاتووە."
لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی سەربازی وەک گوشارێکی بەردەوام بەکاردەهێنێت. میدیای ئەمریکا بە پشتبەستن بە ژمارەیەک بەرپرسی کۆشکی سپی دەڵێن، ترهمپ بیر لە دەستپێکردنەوەی گورزە سەربازییەکان دەکاتەوە ئەگەر گەمارۆی دەریایی نەبێتە هۆی پاشەکشەی ئێران.
بەرپرسێکی ئەمریکی راگەیاندووە، ترهمپ دەیەوێت رێگری لە ئێران بکات تەنگەی هورمز وەک کارتی گوشار لە دانوستاندنەکاندا بەکاربهێنێت، بۆیە بڕیاری گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانی داوە.
گەمارۆ دەریاییەکە لە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی واشنتن (کاژێر 17:00 هەمان رۆژ بە کاتی هەولێر) دەستیپێکرد و بەسەر هەموو ئەو کەشتییانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.
خاڵە ناکۆکەکان: ئەتۆم و پارە
بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، لە دانوستاندنە 21 کاژێرییەکەی پاکستاندا، دوو خاڵی سەرەکی وەک بەربەست ماونەتەوە؛ داواکاری ئەمریکا بۆ سڕکردنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستبەرداربوونی ئێران لە کۆگای یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو و، بڕی ئەو پارە بلۆککراوەی کە ئێران داوای ئازادکردنی دەکات لە بەرامبەر پێدانی ئیمتیازە ئەتۆمییەکان.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت لایەنەکان کەمێک لە رێککەوتنەوە دوور بوون پێش ئەوەی ئەمریکا "یاساکانی یارییەکە بگۆڕێت"، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا ئەو گێڕانەوەیەیان پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام دانیان بەوەدا نا کە پێشکەوتنی بەرچاو هاتبووە ئاراوە.
رۆڵی جەی دی ڤانس و دیپلۆماسییەتی ناوچەیی
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە سەرکردایەتی تیمی دانوستاندنکار دەکات، بۆ یەکەمجار رۆژی شەممە لە ئیسلامئاباد لەگەڵ ئێرانییەکان کۆبووەوە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن گفتوگۆکان "سەخت" بوون بەڵام گۆڕاون بۆ "ئاڵوگۆڕێکی دۆستانە و پێشنیازەکان." ڤانس هیوای خواستووە تاران دان بەوەدا بنێت کە رێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی هەردوولایە.
لەلایەکی دیکەوە، رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد شکستخواردوو نەبوون، بەڵکو بناخەیەک بوون بۆ پرۆسەیەکی دیپلۆماسی کە دەتوانێت چوارچێوەیەکی بەردەوام بۆ بەرژەوەندی هەمووان دروست بکات، ئەگەر متمانە و ئیرادە هەبێت.
هاوکات، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و میسر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی چڕیان لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەیان و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی و عەباس عێراقچی کردووە، بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم قۆناخە هەستیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ