رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی پاکستان رایدەگەیێنێت، هێشتا دەرفەت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لە ئیسلامئاباد ماوە. دەشڵێت، هیوایەک هەیە هەردوولا بگەنە رێککەوتن.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، خواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی گوتی، "ناخوازم پێشبینی هیچ شتێک بکەم، بەڵام ژینگەی دوای گفتوگۆکان باشە. بەپێی خەمڵاندنی من، هێشتا هەندێک دەرفەت بۆ دەستپێکردنی دەسپێشخەرییەکی دیکەی دانوستاندن ماون."
ئاسف ئاماژەی بەوەش کرد، دوای گفتوگۆکانی کۆتایی هەفتە "هیچ شتێکی نەرێنی" دەرنەکەوتووە و بە پێچەوانەوە "شتی ئەرێنی خەریکە دەردەکەون." گوتیشی: "هیوا هەیە تاوەکو کۆبوونەوەی داهاتوو، ئینشاڵڵا، بگەینە ئەنجامێک."
ئەم گەشبینییەی وەزیری بەرگریی پاکستان لە کاتێکدابوو تەنیا چەند کاژێرێک مابوو بۆ دەستپێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی تووند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی پێکردووە.
لە کاژێر 10:00ی بەیانی بە کاتی واشنتن (17:00 بە کاتی هەولێر) ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر هەموو هاتووچۆیەکی دەریایی بۆ بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان.
بەپێی راپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کە لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە، واشنتن چەند هێڵێکی سووری تووندی بۆ هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەگەڵ تاران دیاریکردووە، لەوانە:
کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم
هەڵوەشاندنەوەی وێستگە سەرەکییەکانی پیتاندن
رادەستکردنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بە پلەی بەرز
کردنەوەی تەواوەتی تەنگەی هورمز بەبێ وەرگرتنی "سەرانە و باج"
بڕینی هاوکارییەکان بۆ گرووپە چەکدارەکان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ