ترەمپ: چەند شتێکی باش لە پرسی تەنگەی هورمزدا روودەدەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا رەخنە لە ئێران دەگرێت بەوەی "راستگۆ نەبووە" لە کردنەوەی تەنگەی هورمزدا، بەڵام دەڵێت، "چەند شتێکی باش لە پرسی تەنگەی هورمزدا روودەدەن".
 
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەی لە ویلایەتی فلۆریداوە بۆ واشنتن دی سی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، وڵاتانی ناتۆ ئامادە نەبوون بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز هاوکارییان بکەن، "ئێستا دەڵێن ئامادەن بەڵام هیچ هەڕەشەیەک نەماوە و پێویستمان بە هاوکاریی ئەوان نییە".
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "هێزی دەریایی و زۆرینەی کەشتییەکانی مینڕێژکردنی ئێرانمان تێکشکاندوون و ئەوان توانای بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆنیان نەماوە". 
 
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هاتن کە دوێنێ فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاژێر 10ی بەیانی بەکاتی واشنتن (17:00 بەکاتی هەولێر)ی رۆژی دووشەممەوە تەنگەی هورمز گەمارۆدەدەن. ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکیش بە وۆڵ ستریت جۆرناڵیان گوتووە، ئەمریکا بیر لە بژاردەی هێرشی سنووردار بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "دۆخی ئێران زۆر خراپە؛ زۆر دڵگرانم لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و لە کاتی پێویستدا وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ هاوکارییان نەکردین". 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران. لە بەرامبەردا تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست. 
 
لە دوای هەفتەیەک لە جەنگ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ناتۆ کرد هاوکارییان بکەن لە کردنەوەی تەنگەکەدا، بەڵام هیچیان ئامادەنەبوون لە کاتی جەنگدا هێزی سەربازی بۆ ئەو مەبەستە بنێرن. 
 
رۆژی شەممە، لە ئیسلامئاباد دانوستاندنی شاندی ئەمریکی و ئێرانی بۆ پرسی ئاگربەست و رێککەوتن بەڕێوەچوو. هێشتا دیارنییە کە ئاخۆ جارێکی دیکە کۆدەبنەوە یان نا. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا هێڵە سوورەکانی ترەمپیان بۆ هەر جۆرە رێککەوتنێکی داهاتوو دیاری کردووە، کە بریتین لە: کردنەوەی تەواوەتی تەنگەی هورمز بەبێ وەرگرتنی باج و پارە لە کەشتییەکان، کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵوەشاندنەوەی ناوەندە ئەتۆمییەکان، رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە و بڕینی هاوکارییە داراییەکان بۆ گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا و حوسییەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

میگێل دیاز-کانێل سەرۆکی کووبا. وێنە: Reuters

سەرۆکی کووبا: هیچ پاساوێک بۆ هێرشى سەربازیى ئەمریکا دژى وڵاتەکەمان نییە

سەرۆکی کووبا رایگەیاند، ئەمریکا هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی وڵاتەکەی یان هەوڵدان بۆ رووخاندنی حکومەتەکەی. جەختیشی کردەوە کە گەلی کووبا تاوەکو مردن بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن.