رووداو دیجیتاڵ
میگێل دیێز کانێل، سەرۆکی کووبا رایگەیاند، وڵاتەکەی کراوەیە بەڕووی وەبەرهێنانی ئەمریکیدا لە بواری گەڕان بەدوای نەوتدا.
ئەم قسەیەی سەرۆکی کووبا لەکاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران رایگەیاندبوو، سوپای وڵاتەکەی خۆی بۆ هەڵمەتی داهاتوو ئامادە دەکات و، گومان هەیە کووبا یەکێک بێت لە ئامانجەکانی داهاتووی ئەمریکا.
سەرۆکی کووبا بە تۆڕی ئێن بی سی گوتووە، "هیچ دووژمنێک نییە نەتوانرێت بشکێندرێت".
دیێز کانێل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەدوای بیرە نەوتی نوێدا دەگەڕێت و گوتی" ئێمە کراوەین بەڕووی وەبەرهێنانی بیانیدا لە کووبا لە بواری گەڕان و هەڵکەندنی بیری نەوتدا"، هەروەها گوتیشی: "کووبا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو کۆمپانیا ئەمریکییانە دەکات کە دەیانەوێت بێن و بەشدار بن".
مانگی رابردوو، ئەمریکا گەمارۆی سەر نەوتی کووبای سووککرد و رێگەی دا کەشتییەک نەوتی رووسیا بۆ ئەو وڵاتە بنێردرێت کە نزیکەی 730 هەزار بەرمیل بوو. ئەو کاتە، ترەمپ گوتی، پێی باشە رێگە بە چوونی نەوتەکە بدات، چونکە گەلی کووبا پێویستی پێیەتی.
دیێز کانێل گوتی، ئەو بارە نەوتە تەنیا سێیەکی پێویستییەکانی نەوتی کووبا بۆ ماوەی مانگێک دابین دەکات، ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە "ستراتیژییەکی تەواو بۆ گۆڕانکاری لە بواری وزەدا" دابنێت، کە وزە نوێبووەوەکان و بەکارهێنانی ژیرانەی وزە لەخۆدەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ