وەزارەتی دەرەوەی سوێد بۆ رووداو: داوای دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن و داوای دانبەخۆداگرتنی لایەنەکان دەکەن.
رۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، کارمەندی دێسکی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و گرژییەکانی ناوچەکە رایگەیاند، "داوای دانبەخۆداگرتن و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە لایەنەکان دەکەین". دەشڵێت، "دۆخێکی تووند و ناسەقامگیر لە ناوچەکە هەیە".
وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی رووداودا گوتی، "لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین". ئاماژەی بەوەش کرد، "لە پەیوەندیداین لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانمان لە ناوچەکە و هەموویان سەلامەتن".
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بە 200 فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و 100 شوێنیان بە ئامانج گرتووە. تاوەکو ئێستا کوژرانی سێ فەرماندەی سەربازی و 6 زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە پشتڕاست کراوەتەوە.
رۆژێک پێش هێرشەکە ئەمریکا هۆشداری بە هاووڵاتییان و کارمەندانی نوێنەرایەتییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەو ناوچانە بەجێبێڵن. ئەمەش بەهۆی دۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد بۆ رووداو جەختی لەوەش کردەوە، "لە پەیوەندیداین لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی سوێد لە ناوچەکە. هەموو ستافەکەمان سەلامەتن".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ئێکس راگەیێندراوێکی سەبارەت بە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "رژێمی زایۆنی نەیدەتوانی هێرشەکە بەبێ هاوئاهەنگی و پەسندکردنی لەلایەن ئەمریکاوە بکات"؛ دەشڵێت: "حکومەتی ئەمریکا وەکو پاڵپشتیکاری سەرەکی ئەو رژێمە، رووبەڕووی بەرپرسیاریەتی تووند" دەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت: "رژێمی زایۆنی پێشێلی یەکگرتوویی خاک و سەروەری نیشتمانی ئێرانی ئازیزمانی کرد"؛ گوتیشی: "ئێران مافی رەوای و یاسایی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم شەڕەنگێزییە".