سکرتێری گشتیی ناتۆ: بۆردوومانەکە کارێکی تاکلایەنەی ئیسرائیل بوو
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەکان کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بکەن. دەشڵێت، بۆردوومانەکە کارێکی تاکلایەنەی ئیسرائیل بوو.
رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025، لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوێد مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەبارەی بۆردوومانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "پێویستە هاوپایمانان کار و گفتوگۆ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن". گوتیشی، "پێویستە کەمکردنەوەی گرژییەکان کاری لەپێشینە بێت".
ئەمڕۆ ئیسرائیل بە 200 فڕۆکەی جەنگی بە هێرشی کردە سەر ژمارەیەک پێگەی ئێران. تائێستا کوژرانی لانیکەم سێ فەرماندەی سەربازی و شەش زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە پشتڕاستکراوەتەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتیشی: "بۆردوومانەکە کارێکی تاکلایەنەی ئیسرائیل بوو". جەختی لەوەش کردەوە، "بۆردوومانەکە زیادکردنی خێرای گرژییەکانە".
لەبارەی هێرشەکەوە ئولف کریسترسن، سەرۆکوەزیرانی سوێدیش بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ناسەقامگیردا روودەدات دۆخەکە خراپتر دەکات". ئەوەشیخستەڕوو کە "کۆدەنگیەکی گەورە هەیە کە نابێت ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات".
عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئیسرائیل بۆ "هەمیشە پەشیمان دەبێتەوە" لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران. دەشڵێت، ئەوان "هەوڵی دروستکردنی نائارامی دەروونی لەنێو هاووڵاتییانی ئێراندا دەدات".
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەموو مافێکیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل هەیە.