ترەمپ لە ئیسرائیلەوە: گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران کارێکی مەزن دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکی چاوەڕواننەکراودا لەناو پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، ئامادەیی واشنتنی بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە "رێککەوتنێکی ئاشتی" لەگەڵ ئێران راگەیاند. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش سەرکەوتنی بەسەر بەرەی ئێراندا راگەیاند. 
 
ترەمپ ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەردەم پەرلەمانتارانی ئیسرائیلدا، ئاماژەی بە ئێران کرد وەکو پاڵپشتی سەرەکیی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان، بەتایبەتی حەماس و رایگەیاند: "ئەوان [ئێران] گورزێکی گەورەیان بەرکەوت، وانییە؟ ئایا گورزێکی گەورەیان بەرنەکەوت؟ کوڕینە، لە هەموو لایەکەوە گورزیان بەرکەوت."
 
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "زۆر باش دەبێت ئەگەر بتوانین رێککەوتنێکی ئاشتییان لەگەڵدا بکەین، پێموایە ئەوە کارێکی گەورەیە."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە ئامادەبووان کرد و گوتی: "ئایا بەوە دڵخۆش نابن؟ پێتانوایە شتێکی باش نابێت؟ چونکە پێموایە ئەوانیش دەیانەوێت." 
 
ترەمپ بەرپرسیارێتیی دەستپێکردنی هەر دانوستاندنێکی خستە ئەستۆی ئێران و رایگەیاند، بۆ ئەوەی هەر رێککەوتنێک بێتە ئاراوە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی تارانە. سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی روونیشی ئاراستەی بەرپرسانی ئێران کرد و گوتی: "ئێمە ئامادەین کاتێک ئێوە ئامادەبن."
 
ترەمپ جارێکی دیکە بەرگریی لە بڕیاری کشانەوەی واشنتن کرد لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا لەگەڵ ئێران و زلهێزەکانی جیهان واژۆ کرابوو. 
 
ئەو رێککەوتنە بۆ ماوەیەکی درێژ خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بوو. ترەمپ لەمبارەیەوە گوتی: "من کۆتاییم بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران هێنا و زۆر شانازی بەو کارەوە دەکەم."
 
سەرەڕای زمانی هەڕەشەئامێزی پێشووی، ترەمپ لە گوتارەکەیدا لە کنێست ئاماژەی بەوەدا دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و گوتی: "بەڵام تەنانەت بۆ ئێرانیش، کە رژێمەکەی بووەتە هۆی کوشتارێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دەستی دۆستایەتی و هاوکاری کراوەیە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەبارەت بە ئێران، ترەمپ هەوڵیدا جیاوازی بکات لە نێوان دەسەڵاتداران و گەلی ئێراندا و رایگەیاند: "نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل هیچ دوژمنایەتییەکیان بەرامبەر گەلی ئێران نییە. ئێمە تەنیا دەمانەوێت بە ئاشتی بژین."
 
قسەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە کە ناوچەکە هێشتا کاریگەرییەکانی ئەو هێرشە سەربازییەی بەسەرەوە ماوە کە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ کرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. 
 
بنیامین نەنەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئەوان بەسەر بەرەی موقاوەمە بە رێبەرایەتیی ئێران سەرکەوتوون و گوتی، "ئیسرائیل سەرکەوتنی سەرسوڕهێنەری بەسەر حەماس و تەواوی بەرەی تیرۆری ئێران بەدەستهێنا. یەحیا سینوار (سەرکردەی حەماس)، محەممەد زەیف (فەرماندەی سەربازیی حەماس)، ئیسماعیل هەنیە (سەرکردەی حەماس)، حەسەن نەسروڵڵا (ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا)، بەشار ئەسەد (سەرۆکی پێشووی سووریا). هەموویان لەنێوچوون."