ئۆکراینا: کەشتییەکی جەنگیی رووسیامان لە دەریای رەش تێکشکاند

14-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئۆکراینا دەڵێت، "بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کەشتییەکی گەورەی جەنگیی رووسیمان لە دەریای رەش ژێرئاو خست". هەواڵەکە لە لایەن رووسیاوە نە پشتڕاستکراوەتەوە و نە رەتکراوەتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 14-02-2024، ئاژانسی هەواڵگریی سەربازی و هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، "لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە درۆنی دەریایی هێرشمان کردە سەر کەشتییەکی جەنگیی رووسیا لە کەناراوەکانی کریمیای داگیرکراو، لە ئەنجامدا کەشتییەکە ژێرئاو کەوت".
 
تائێستا کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا-کرێملین و سوپای رووسیا هیچ لێدوان و پشتڕاستکردنەوەیەکیان بۆ ئەم هەواڵە نییە. راگەیێندراوەکەی سوپای ئۆکراینا لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا لەگەڵ یەکەی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری، هێرشیانکردە سەر کەشتیی 'سیزار کونیکۆڤ'ـی جەنگی".
 
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکانی سوپای ئۆکراینا، کەشتییەکە لە نزیک شارۆچکەی ئاڵوپکا ژێرئاو کەوتووە کە نزیکە لە باشووری کریمیا کە لە ساڵی 2014 رووسیا خستیە ژێر دەسەڵاتی.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا دەڵێت، "گومان دەکرا کەشتییەکە بارێکی زۆری چەکی هەڵگرتبێت، چونکە پێش هێرشەکە، کەشتییە جەنگییەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسیا کەلوپەلی سەربازی بۆ باردەکرا".
 
لەگەڵ بڵاوکراوەکەی تەلەگرام، هەواڵگرییەکە چەند وێنەیەکی کەشتییەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بەو جۆرە دەبیندرێت تەقینەوەیەکی لەسەر روویداوە و چەند درۆنێکیش لە وێنەکان دەردەکەون.
 
هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا هەروەها دەڵێت، "سیزار کونیکۆڤ [ناسراو بە پرۆجێکت 775] نوێترین کەشتیی رووسیا بوو. کەشتییەکە لە شەڕەکانی جۆرجیا، سووریا و ئۆکراینا سوودی لێ وەرگیرابوو."
 
دیمیترۆ پلێتێنچوک، گوتەبێژی هێزی دەریایی ئۆکراینا دەڵێت، "رووسیا هێشتا پێنج کەشتیی گەورەی جەنگی لە دەریای رەشدا ماوە".
 
رۆژی 24ـی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە کوژراون.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون؛ هەروەها لە سوپای رووسیا، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپی هەر لە دەستپێکی جەنگەوە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و بە چەک و پارە یارمەتییان داون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە