ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا بۆ رووداو دەدوێت

14-04-2016
خالید حوسێن
مایکی رووداو لەبەردەم ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا
مایکی رووداو لەبەردەم ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا
نیشانەکردن پوتین
A+ A-

رووداو - مۆسكۆ

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا لەمیانی گوتاری ساڵانەی بۆ خەڵك لە مۆسكۆ، لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو دەربارەی روانگەی رووسیا بۆ هەرێمی كوردستان و شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش رایگەیاند "كورد گەلێكی ئازا و بوێرن".

دوای تەواوبوونی پرۆگرامە ساڵانەکەی، کە بەهێڵی راستەوخۆ ناسراوە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا پرێس کۆنفرانسێکی کورتی بۆ رۆژنامەنووسانی بەشداربووی پرۆگرامە ساڵانەکەی سازدا، کە تۆڕی میدیایی رووداو بەفەرمی بانگهێشتی ئەو پرۆگرامە ساڵانەیە کرابوو . 

سەرۆكی رووسیا گوتی "ئێستا جۆرێك هەماهەنگی لەنێوان رووسیا و هەرێمی كوردستان هەیە بۆ شەڕی داعش".

سەرۆكی رووسیا لە درێژەی وەڵامەكەی بۆ رووداو رەخنەی لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و دەڵێت "كورد لە شەڕی داعش لە ئەمریكییەكان نزیكن".

پەیامنێری رووداو لە سەرۆکی رووسیای پرسی "ئێوە چۆن خوێندنەوەیەکتان بۆ گەلی کورد هەیە و رۆڵی کورد چۆن هەڵدەسەنگێنن لە شەڕی دژی داعش و گرووپە توند ئاژۆکان".  لە وەڵامدا پوتین رایگەیاند "پێویستە قسە لەسەر کورد بکەین وەک ئەوەی کە هەیە، کورد گەلێکی زۆر ئازان، من دەزانم چی دەڵێم، کورد زۆر ئازایانە و خۆنەویستانە شەڕدەکەن و هێزێکی زۆر جددی و کاریگەرن بەرامبەر تیرۆرستان".

پوتین ئاماژەی بەوەشکرد "کورد ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، هەروەک ئاشکرایە کە ئەمریکا  لەگەڵ ئەوان بە شێوەیەکی چالاک کاردەکات، بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئێمەش لەگەڵ کورد لە پەیوەندیدان، لەو کاتەی ئێستا هەریەکە لە داعش و بەرەی نوسرە هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی کورد لەوناوچەیە دەربکەن کە لێی دەژین، ئێمە ئەوە دەبینین بۆیە پشتیوانی لە کورد دەکەین".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە