رووداو دیجیتاڵ
گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئەمریکاوە، کاردانەوەی فراوانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لێکەوتووەتەوە. ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ دوای ئەوە هات، ئێران تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکاندا داخست.
نیکۆلاس بێرنس، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە چین، رەخنە لە شێوازی مامەڵەکردنی واشنتن دەگرێت و دەڵێت: "لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ دەبوو ئەگەر هەوڵی بدایە هاوپەیمانێتییەکی لە وڵاتانی ناوچەکە، ئەورووپا و ئاسیا پێکبهێنایە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، نەک تەنیا ئەمریکا بە تەنیا ئەو کارە بکات."
داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە وەک کارتێکی گوشار لە گفتوگۆکانی پاکستان بەکارهێنرا، بەڵام ئەمە نیگەرانیی جیهانی لێکەوتووەتەوە. یۆهان ڤادەفو، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هەموو جیهان بەدەست ئەم دۆخەوە دەناڵێنێت. تەنگەی هورمز رێڕەوێکی دەریایی نێودەوڵەتییە و پێویستە بێ هیچ کۆتوبەند و مەرجێک بۆ هەموو جیهان کراوە بێت."
پێش دروستبوونی ئەم گرژییانە، رۆژانە لانیکەم 100 گەورە کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ تەنیا چەند کەشتییەک دابەزیوە. ئەم رێڕەوە ستراتیژییە 20%ی نەوت، 23%ی گازی شل و 30%ی پەینی نایترۆجینی جیهانی پێدا دەگوازرایەوە.
چین یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە رۆژانە 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەو رێگەیەوە پێدەگەیشت کە 80%ی لە ئێرانەوە دابین دەکرا. گییۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت: "گەمارۆدانی رێڕەوە ئاوییەکان تەنیا دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخەکە؛ دانبەخۆداگرتن و دیپلۆماسییەت تاکە رێگەیە بۆ ئاشتی."
لە کاتێکدا سوپای پاسداران هەڕەشەی شکاندنی گەمارۆکەی ئەمریکا دەکات، باس لە ئەگەری دەستپێکردنی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکرێت، کە رەنگە لە ئیسلام ئاباد یان جنێڤی سوێسرا بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ