رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە (14-4-2026) رایگەیاند، پلانی نییە ئەو ئاسانکارییە کاتییانە درێژ بکاتەوە بۆ سزاکانی سەر نەوتی ئێران دایاننابوو، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی شۆکی بازاڕی وزە بوو لە کاتی جەنگدا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو مۆڵەتە کورتخایەنەی رێگەی بە فرۆشتنی ئەو نەوتە ئێرانییە دەدا کە پێشتر لەنێو دەریاکاندا بوو، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەسەردەچێت و نوێ ناکرێتەوە."
وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، واشنتن بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی "زۆرترین گوشار" بۆسەر تاران.
ئەو مۆڵەتە سەرەتاییە رێگەی دەدا بە گەیاندن و فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە کە پێش 20ی ئادار لەسەر کەشتییەکان بارکرابوون، بڕیاریش وابوو تاوەکو 19ی نیسان بەردەوام بێت.
ئەم هەنگاوەی واشنتن بەشێک بوو لە زنجیرە رێکارێکی ئیدارەی ترەمپ بۆ هێورکردنەوەی بازاڕ و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی وزە، کە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتدا دروستبوو. ئەوکات واشنتن ئاسانکاریی هاوشێوەی بۆ سزاکانی سەر نەوتی رووسیاش لەنێو دەریادا کردبوو.
ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە کردەیی تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییەکاندا داخست، کە پێنج یەکی نەوت و گازی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت. هەرچەندە ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتوون، بەڵام دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی پاکستان نەیانتوانی هیچ وەرچەرخانێک دروست بکەن، هەربۆیەش دۆناڵد ترەمپ فەرمانی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانی دا تاوەکو گوشارەکان بۆ سەر تاران زیاتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ