کۆبوونەوەی نێوان حکومەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لوبنان و ئیسرائیل

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە رێکەوتی 14ی نیسانی 2026 رێکخست، بە بەشداریی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ مایک نیدهام، راوێژکار؛ عیسا، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لوبنان؛ یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا و نەدا مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریکا.
 
ئەم کۆبوونەوەیە یەکەمین گفتوگۆی ئاستبەرزی نێوان حکومەتەکانی ئیسرائیل و لوبنانە لە ساڵی 1993وە. بەشداربووان گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەبارەی ئەو هەنگاوانە کرد کە دەبنەهۆی دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیرۆزبایی لە هەردوو وڵات کرد بۆ ئەم وەرچەرخانە مێژووییە و پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان، هەروەها بۆ پلانەکانی حکومەتی لوبنان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی چەک بۆ دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە هەژموونی زاڵی ئێران دەربڕی.
 
 ئەمریکا هیوای خواست کە گفتوگۆکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی 2024 تێپەڕن و رێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی لێ بکەوێتەوە. ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ مافی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی حیزبوڵڵا دووپات کردەوە. هەروەها ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک بۆ راگرتنی کردە دووژمنکارییەکان دەبێت لەنێوان هەردوو حکومەتدا بێت و بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت، نەوەک لە رێگەی هیچ رێڕەوێکی دیکەی جیاوازەوە. ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دانوستاندنانە توانای ئەوەیان هەیە هاوکاریی گەورەی بونیادنانەوە و بووژانەوەی ئابووری بۆ لوبنان دابین بکەن و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ هەردوو وڵات فراوانتر بکەن.
 
ئیسرائیل پشتگیریی خۆی بۆ چەککردنی هەموو گرووپە تیرۆریستییە نادەوڵەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ژێرخانە تیرۆریستییەکان لە لوبنان دەربڕی و پابەندیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی لوبنان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە نیشاندا، تاوەکو ئاسایشەکەیان مسۆگەر بێت. ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنی راستەوخۆ دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام کە ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.
 
دەوڵەتی لوبنان جەختی لە پێویستیی "بەپەلە" بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی راگەیێندراوی راگرتنی کردە دووژمنکارییەکانی تشرینی دووەمی 2024 کردەوە، هەروەها جەختی لە پرەنسیپەکانی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی تەواوەتیی دەوڵەت کردەوە؛ هاوکات داوای ئاگربەست و هەنگاوی کۆنکرێتی کرد بۆ چارەسەرکردن و سووککردنی ئەو قەیرانە مرۆییە سەختەی کە وڵاتەکە بەهۆی بەردەوامیی ململانێکانەوە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
 
هەموو لایەنەکان رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ لە کات و شوێنێکدا کە هەمووان لەسەری کۆک بن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ترەمپ و دیمەنێکی تەنگەی هورمز

ترەمپ تەنگەی هورمز دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەکاردەهێنێتەوە

هورمز یەکێک لە بەهێزترین چەکەکانی ئێران بوو لەم جەنگەدا، بەڵام بڕیاری ترەمپ بۆ گەمارۆدانی، کاریگەرییەکەی پێچەوانە کردووەتەوە. شرۆڤەکارێک دەڵێت: "بەردەوامی گەمارۆدانی هورمز ناسەقامگیری لە نێوخۆیی ئێران دروست دەکات".