راپۆرتێک: لە کاتی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران، شاندەکان هاواریان بەسەر یەکدا کردووە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی تایبەتدا، پەردەی لەسەر وردەکاریی ئەو شەوە پڕ لە گرژییە لاداوە، کە شاندی ئەمریکا و ئێران لە هۆتێل سێرێنای شاری ئیسلامئاباد پێکەوە بەسەریان برد. هەرچەندە گفتوگۆکان بێ گەیشتن بە رێککەوتن کۆتاییان هات، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن "دەرگەی دیپلۆماسی هێشتا دانەخراوە."
 
20 کاژێر بێ خەوی و بێ مۆبایل
 
گفتوگۆکان کە بە باڵاترین ئاستی پەیوەندیی هەردوو وڵات دادەنرێت لە ساڵی 1979وە، نزیكەی 20 کاژێری خایاند. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، هێندە رێکاری ئەمنی تووند بووە، تەنانەت رێگە نەدراوە مۆبایل ببرێتە ناو ژووری کۆبوونەوەکان. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ناچار بوون لە کاتی پشووەکاندا بچنە دەرەوە تاوەکو لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیامەکان بە واشنتن و تاران بگەیێنن.
 
سەرچاوەیەکی حکومەتی پاکستان بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، "لە نێوەڕاستی گفتوگۆکاندا ئومێدێکی زۆر هەبوو بگەینە رێککەوتن، لایەنەکان نزیكەی 80%ی رێگەکەیان بڕیبوو، بەڵام لەناکاو هەموو شتێک گۆڕا." هۆکارەکەش بۆ بڕیارگەلێک دەگەڕێتەوە کە پێویستیان بە رەزامەندیی سەرۆکەکانی هەردوو وڵات هەبووە و نەدەکرا لەوێ یەکلایی بکرێنەوە.
 
سەرەڕای پێشکەوتنەکان، گفتوگۆکان لەسەر سێ تەوەری سەرەکی پەکیکەوتووە:
 
تەنگەی هورمز: ئەمریکا داوای کردنەوەی تەواوەتی و بێ بەرامبەری تەنگەکە دەکات، بەڵام ئێران دەیەوێت باج وەربگرێت.
 
بەرنامەی ئەتۆمی: واشنتن جەخت لەسەر دابەزاندنی ئاستی پیتاندن بۆ سفر و گواستنەوەی کۆگە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان بۆ دەرەوە دەکات.
 
پارە بلۆککراوەکان: تاران داوای کردنەوەی دەستبەجێی 27 ملیار دۆلار لە داهاتە نەوتییەکانی دەکات، کە لە دەرەوە گیراون.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، گرژیی نێوان نوێنەرانی هەردوولا کاتێک گەیشتە لووتکە، کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رووی دەمی کردە جەی دی ڤانس و بە تووندی گوتی، "چۆن متمانەتان پێ بکەین؟ لە دوایین کۆبوونەوەمان لە جنێڤ گوتتان ئەمریکا هێرش ناکات کاتێک دیپلۆماسی بەردەوامە، کەچی تەنیا دوو رۆژ دواتر بۆردوومانتان دەستپێکرد."
 
سەرچاوەکان دەڵێن، دەنگی هاوار و دەمەقاڵێ لە دەرەوەی ژوورەکە بیستراوە، ئەمەش وایکردووە عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان داوای پشووی خواردنەوەی چا بکات و هەردوولا بۆ ژووری جیاواز بگوازێتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لایەنی ئێرانی "پەیوەندییان کردووە" و دەیانەوێت رێککەوتن بکەن. ئۆلیڤیا وەیلز، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، هەڵوێستی ئەمریکا ناگۆڕێت و گوتی، "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تیمی دانوستاندنکاری ترەمپ پابەندی ئەم هێڵە سوورە بوون."
 
جەی دی ڤانس کاتێک ئیسلامئابادی جێهێشت، گوتی، "ئێمە لێرە بە پێشنیازێکی زۆر سادە دەڕۆین، کە دوایین و باشترین دەستەوارەی ئێمەیە. با بزانین ئایا ئێرانییەکان قبووڵی دەکەن یان نا."
 
ئێستا پاکستان وەک نێوەندگیر بەردەوامە لە گواستنەوەی پەیامەکان لە نێوان واشنتن و تاران، وڵاتانی ناوچەکەش گوشار دەکەن تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەستە 14 رۆژییەکە، گەڕی دووەمی گفتوگۆکان دەستپێبکاتەوە بۆ رێگریکردن لە داڕمانی تەواوەتیی ئابووریی جیهان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی رێکخراوی فاو

فاو هۆشداری دەدات؛ نامانەوێت کارەسات دروستبێت

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات رێگری لە گواستنەوەی وزە و پەینی کیمیایی نەکەن و هۆشداری دەدات کە پێشتر رێگریی هاوشێوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە جیهان دا