دۆخی ئۆکراینا؛ هێرشی پێچەوانە و بەرپەرچدانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەربازانی ئۆکراینا لە ناوچەی دۆنێتسک لەلایەن سوپای رووسیاوە دەکرێنە ئامانج و هێرشەکەیان تێکدەشکێندرێت؛ دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا بۆ سەر هێزەکانی رووسیا، جەنگەکەی بردووەتە قۆناخێکی نوێ. رووسەکان لە بەشێک لە ناوچەکان لە دۆخی هێرشبردنەوە چوونەتە دۆخی بەرگریکردن.
 
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "لە ناوچەی ماکاریڤکای هەرێمی دۆنێتسک، هێزە ئۆکراینییەکان بە تانک و ئۆتۆمبێلی زریپۆش هێرشیان کرد و هەموو هێرشەکان بە ئازایەتی و کاری بوێرانەی هێزە رووسییەکان و بە هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانکردن بەرپەرچ درانەوە."
 
چەند رۆژێکە هێزە ئۆکراینییەکان بە سوودوەرگرتن لە چەکی رۆژئاوایی، دەستپێکردنی پلانی هێرشی پێچەوانەیان دەستپێکردووە کە مەبەست لێی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەیە لە سەرەتای جەنگەکەوە لەدەستیانداوە. 
 
بەرپرسانی ئۆکراینا سوورن لەسەر ئەوەی هێرشی پێچەوانە ئەنجامی دەبێت، بەڵام رووسیا هۆشداری دەدات کە ئەو کارە بە زیانی ئۆکراینییەکان خۆیان دەشکێتەوە. بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-6-2023، لە هێرشێکدا بۆسەر شاری ئۆدێسا بەلایەنی کەمەوە 13 کەس کوژران کە ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا هێرشەکەی ئەنجامداوە. 
 
ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "جەنگەکە دژوارە، بەڵام ئێمە لە پێشڕەوی بەردەوامداین؛ زیانەکانی دووژمن ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت. هەرچەندە، لەم چەند رۆژانەیدا، کەشوهەوا لەبار نییە، بەڵام بەهێزی سەربازەکانمان ئەنجامی دەبێت."
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش دەڵێت: هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکراینا "شکستی هێناوە" و... زیانەکانی ئۆکراینییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانرێت بە 'کارەساتبار' ناو بهێندرێت."
 
بەگوێرەی پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی ئەمریکی، تاوەکو تشرینی دووەمی 2022، 27٪ـی ئۆکراینا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیا بوو؛ ئێستا 17٪ـی لەژێر کۆنترۆڵیدا ماوە.
 
رووسیا نزیکەی 98٪ـی لوهانسک، 62%ـی دۆنێتسک و زیاتر لە نیوەی میکۆلایڤ و زاپۆریژای کۆنترۆڵکردووە، بەڵام دوای دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینییەکان، ئۆکراینا توانیویەتی حەوت گوند کۆنترۆڵ بکاتەوە.