گالەری

15-06-2023
32 Photos
هەژار برنجی
 
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی AVIXA کە کاری ئامادەکاریی Infocomm دەکات، ساڵانە لە شاری ئۆرلاندۆی ئیالەتی فلۆریدای ئەمریکا چەندین سیمینار و چالاکیی پەروەردەیی و پێشانگەیەکی گەورەی بواری تەکنۆلۆژی رێکدەخات. رووداویش بۆ ئینفۆکۆم بانگهێشت کراوە.
 
چالاکییەکانی ساڵی 2023 کە بە گەورەترین Infocomm بۆ پێشاندانی تەکنەلۆژیای بواری دەنگ و رەنگ و ئایتی و ڤیدیۆواڵ پێناسە کراوە، بە بەشداریی 600 کۆمپانیا بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە چالاکییەکان بە ئەنجامدانی سیمینار و کۆبوونەوەی پەروەردەیی دەستیان پێکرد و رۆژی 14ی مانگ پێشانگەی Infocomm بە فەرمی کراوەتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەی ئامادەیی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ڤیدیۆواڵ لەو پێشانگەیە زۆر بەرچاوە، بەڵام ئامادەکارانی پێشانگەکە دەڵێن، ئامانجی ئەوان نیشاندانی تێکەڵاویی تەکنۆلۆژیی ITیە لەگەڵ سیستمەکانی دەنگ و رەنگ و داهاتووی ئەو بوارە پێشان دەدەن.
 
کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بە پێشاندانی دوایین ڤێرژنی بەرهەمەکانیان لە بواری LED سەرنجی زۆری بەشداربووان رادەکێشن، کە لە هەموو شوێنی جیهان بۆ بەشداری هاتوون.
 
پێشاندانی دیمەنی سەرنجڕاکێش لەسەر ڤیدیۆواڵی قەبارەی جیاواز بە شێوەی جیاواز؛ هەروەها نیشاندانی دیوارەکانی دیمەن کە پشتیان بەدیاردەکەوێت Transparent LED بەرچاوترین بەرهەمەکانن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر بانگهێشتی چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری تەکنۆلۆژی بەشداریی پێشانگەکە دەکات و چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکاندا دوایین پێشڤەچوونەکانی ئەو بوارانە باس دەکرێن و بیروبۆچوونی رووداو لەسەر دانانی ستراتیژی بۆ بەرهەمەکانی داهاتوو وەردەگیرێت.