رووداو- هەولێر
لە تۆمارێكی دەنگیدا كە چەند ماڵپەڕێکی نزیک لە گرووپە تووندئاژۆکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەیمەن زەواهیری، سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە بەیعەت دەداتە رێبەری نوێی بزووتنەوەی تاڵیبان.
پەیامەکەی ئەیمەن زەواهیری بۆ مەلا محەممەد ئەختەر مەنسوڕ، یەكەم پەیامی زەواهیرییە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە .
زەواهیری، مەلا عومەری رێبەری پێشووی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان وەك رێبەری بزووتنەوەی جیهادی نێودەوڵەتی دەناساند، بەڵام رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" كە ركابەرێكی نوێی قاعیدەیەو ساڵی رابردوو خلافەتی راگەیاند، لەمبارەیەوە لەگەڵ زەواهیری ناكۆكە.
لە تۆمارە دەنگییەكەدا زەواهیری دەڵێ " من وەك ئەمیری قاعیدەی جیهاد بەیعەتی خۆمانتان پێشكەش دەكەین، جەخت لەسەر رەوتی شێخ ئوسامەو برا شەهیدەكانی دووپاتدەكەمەوە لە بەیعەتدان بە مەلا محەممەد ئەمیری باوەڕداران".
رێكخراوی "داعش" مردنی مەلا عومەری وەك هەلێك قۆستەوە بۆ پەرتكردنی رێكخراوی قاعیدە، ئەمە بەپێی ئەوەی شرۆڤەكاران دەڵێن.
ژمارەیەك لە سەركردەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان دژی دانانی مەلا محەممەد ئەختەر مەنسوڕ بوون وەك رێبەری نوێی بزووتنەوەكەیان، ئەمەش تاڕادەیەك درزی خستە نێو تاڵیبانەوە، بۆیە لێرەوە بایەخی پەیامەكەی زەواهیری دەردەكەوێ، بەیعەتەكەی زەواهیری شەرعیەتێكی زیاتر بە مەلا ئەختەر دەدات لە بەرامبەر نەیارەكانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ