وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لەگەڵ بەغدا باسمان لە گەیاندنی کەرتی دارایی عێراق بە ستانداردی نێودەوڵەتی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی سەردانی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە بۆ عێراق بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی کەرتی بانکی عێراق بۆ "ستانداردی نێودەوڵەتی" و رێگریکردن لە پێشێڵکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و ساختەکاری کردووە.
ئیلیزابێس رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارەدارکردنی "تیرۆر" و تاوانە داراییەکان، رۆژانی 12 و 13ی ئەیلوول لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق کۆبووەوە.
لەبارەی ئەو سەردانەوە، رۆژی پێنجشەممە، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن؛ ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی، گوتی: "هەردوو لا، بە درککردن بە ئاڵنگاری و دەرفەتەکانی داهاتوو بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی دارایی عێراق، پابەندبوونی خۆیان راگەیاند بە بەردەوامبوون لە پێکەوەکارکردن و هەنگاونانی ئەرێنی بەرەو چاکسازیی واتادار و درێژخایەن، بۆ ئەوەی عێراق بۆ ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی بەرزبێتەوە و رێگری لە ساختەکاری، پێشێڵكردنی سزاکان، پارەدارکردنی تیرۆر و کارە نایاساییەکانی دیکە بکرێت."
کەرتی بانکیی عێراق لە ژێر چاودێریی چڕی ئەمریکادایە و تاوەکو ئێستا بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران و بەقاچاخبردنی دۆلار، هەناردەکردنی دۆلاری بۆ ژمارەیەک بانکی عێراقی راگرتووە کە ئەوەش کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بەهای دیناری عێراقی و بازاڕی وڵاتەکە هەبووە.
بەئامانجی بەرەوپێشچوونی چاکسازیی بانکی و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و "لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان لە عێراق،" رۆزنبێرگ رۆژی سێشەممە، 12ی ئەیلوول گەیشتە بەغدا، ئەمە وەک لە پۆستێکی ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)دا هاتووە.
رۆزنبێرگ رۆژی چوارشەممە لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و باسیان لە پێکەوەکارکردنی عێراق و ئەمریکا لە بواری دارایی و "رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان لە پێناو کەمکردنەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە کرد."
لە کۆبوونەوەکەدا، سوودانی جەختی لە پابەندبوونی عێراق بە نەهێشتنی "سپیکردنەوەی پارە، بازرگانیی نایاسایی و گەندەڵی" کردەوە.
ماوەی چەندین مانگە دیناری عێراقی بەهای خۆی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە، ئەوەش بووەتە هۆی گرانبوونی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان و سەرەنجام ناڕەزایی رای گشتیی عێراق.
رۆزنبێرگ هەروەها لەگەڵ عەلی موحسن عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش کۆبووەوە و جەختی لە پشتیوانیی واشنتن بۆ "بەهێزکردنی شەفافیەتی و بێگەردیی و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی پابەندیی نێودەوڵەتی لە سیستمی بانکی عێراقیدا کردەوە،" ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوێکی بانکەکە.
بە تۆمەتی پێشێڵکردنی سزاکان، ئەمریکا مانگی تەممووزی ئەمساڵ کۆتوبەندی خستە سەر چواردە بانکی عێراقی.
لە بارەی ئەوەی کە ئایا هیچ بانکێکی دیکە لە عێراق هەیە کە ئەمریکا پێیوابێت هێشتا دۆلار بە قاچاخ بۆ ئێران و سووریا دەبەن، میلەر گوتی: "لێرەوە هیچ هەڵسەنگاندێک بۆ ئەوە ناکەم."