كوردێك لە ئەڵمانیا حیزبێك دادەمەزرێنێت

14-10-2013
زەکی ئۆزمەن
نیشانەکردن حزب تاراوگە
A+ A-

رووداو- ئەڵمانیا

كوردێكی دانیشتووی شاری بیلیفێڵدی ئەڵمانیا حیزبێكی دادەمەزرێنێ بەناوی بزووتنەوەی گەل بۆ هۆشیاری و پاراستنی كۆمەڵگا (BBZ). لە بەیاننامەی راگەیاندنی حیزبەكەدا هاتووە كە ئامادەكاری دەكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەكانی ویلایەتی نۆردراین- ڤێستفالن.

هەریەك لە رۆسە ماری لانگە وەكو جێگری سەرۆكی (BZZ) و ئاسیا تاستانیش وەكو بەرپرسی كاروباری كۆچ و ئینتیگراسیۆن دەستنیشانكران. لەبارەی ئەندامانی دیكەی دەستەی بەڕێوەبردن كە بڕیاربوو لەچوارچێوەی پەیڕەوی بزووتنەوەكەدا دەستنیشان كرابان، ئەوان دەڵێن بۆیە كەسیان بۆ ئەو پۆستانە دەستنیشان نەكردووە بۆ ئەوەی دەرفەت بە كەسانی سەربەخۆی شاری بیلیفێڵد بدرێت پێگەیان لەو بزووتنەوەیەدا هەبێت. لەبارەی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنە هەرێمایەتییەكان لەمانگی نیسانی 2014دا، باسی ئەوە دەكرێت كە (BZZ) تاوەكو سەرەتای ساڵ بەرنامەی هەڵبژاردن ئامادە دەكات و پێشكەشی هاونیشتمانیانی دەكات.

رۆبین فەرمان، سەرۆكی (BZZ) كە پێشتر وەكو نووسەر بەناوی فوئاد سیپان (ئاكپینار) دەناسرا، لە بەیاننامەكەدا رایگەیاند كە زەمینەیەكی تەندروست لە ئەڵمانیادا نییە بۆ پارتە سیاسییەكان "پارتەكان بە درۆ و ساختەكاریش بێت هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەستبێنن".

فەرمان ئاماژەی بەوەدا كە لە ماوەی رابردوودا لەكاتی دامەزراندنی پارتی نوێی وەكو (Die Piraten) و پارتی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا (AfD)دا، دڵی خۆشبووە "بەڵام كاتێك بە وردی سەیری ئەم پارتانەش دەكەین، دەبینین كە هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ پارتەكانی دیكە نییە."

رۆبین فەرمان، سەرۆكی (BZZ) رەخنە لە پارتەكانی ئەڵمانیا دەگرێت و بە "درۆزن و ساختەكار" ناویان دەبات و دەڵێت "هەموو پارت و نوێنەرەكانیان خۆیان بە دیموكرات ناودەبەن، بەڵام دیموكراتی و راستی دوو شتی پێكەوە بەستراون. خەڵك حەزدەكات سیاسییەكان راستگۆبن و واز لە دووڕوویی بێنن. بەداخەوە زۆر لەو دووڕووانە لە شاری بیلیفێڵدیش هەن."

زۆر كورد لە نێو پارتەكانی ئەڵمانیادا هەن، بەڵام ئەوانەی دیارن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی ئەڵمانیا كە لە 22/9/2013 بەڕێوەچوو، 10 كورد خۆیان كاندید كرد، بەڵام هیچیان دەرنەچوون.

سەرۆكی بزووتنەوەی گەل بۆ هۆشیاری و پاراستنی كۆمەڵگا دەڵێ سیاسەتكاران سوود لە بێدەنگیی خەڵك وەردەگرن كە لە ئەڵمانیا هەیە و وابەستەی مێژووی ئەم وڵاتەیە. بەڵام لەتوانایدایە ئەم دۆخە بگۆڕێ، ئەویش لەڕێی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەكان. فەرمان بە (رووداو)ی گوت "لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمایەتی 2014دا بۆ پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن بەشداری دەكەین، هەروەها هەوڵدەدەین لە هەرێمەكانی دیكەش بەشداری بكەین".

ئەندامی زۆر پارت بووە

رۆبین فەرمان كە وەكو وەرگێر كاردەكات، سەرەتا ئەندامی پارتی سۆسیال دیموكرات (SPD) بوو. دواتر پەیوەندی بە پارتی چەپ (Die Linke) ەوە كرد. دوای ئەویش ببووە ئەندامی (Die Piraten)، بەڵام لەبەر ئەوەی كە گوایە باسی جوولەكەی كردووە، داوایان لێكردووە ریزەكانی ئەو پارتە جێبهێڵێت. ئەویش سەرباری رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتە، بەڵام دواجار دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەش كرد.

فەرمان دوای ئەوە دەچێتە نێو ریزەكانی پارتی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا (AfD) كە ماوەیەكی كورت بوو دامەزرابوو. بەڵام بە بیانووی "دروستكردنی قەرەبالغ"ی لەلایەن ئەو پارتەوە، داوای لێكرابوو دەست لەكاربكێشێتەوە، ئەویش دەستی لەكاركێشایەوە و ئێستاش خۆی بڕیاربەدەستی یەكەمی BZZە.

چاوەڕێ دەكرێت (BZZ) وەكو یەكەم هەنگاو گرنگی بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی نێوخۆیی بدات، تاوەكو ئێستا زۆر جار رێكخراو و پارتی هاوشێوە لە ئەڵمانیا دامەزراون.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە