رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەڵێنی دا، هەرچی پێویست بێت، وڵاتەکەی دەستی بۆ دەبات بۆ پاراستنی سنوورەکانی و پلانێکی تۆکمە و فراوانیان بۆ ئەو مەبەستە هەیە. یەکێک لەو رێکارانەش، چیدیکە رێگەنادەن هیچ کۆچبەرێک بۆ هەمیشە لەو وڵاتە بمێنێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە، شەبانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بچێتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی و لەوێ پلانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەران ئاشکرا بکات. یەکێک لەو هەنگاوانەی بەنیازە بیگرێتەبەر ئەوە دەبێت، ئەو پەناخوازانەی مافی مانەوەشیان لە بەریتانیا بەدەست هێناوە، تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت. هەر کاتێک وڵاتەکەیان بە وڵاتێکی پارێزراو لەقەڵەم بدرێت، ئەو پەناخوازانە رەوانەی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە.
هەروەها ئەو وەزیرە بەنیازە لە پەرلەمانی بەریتانیا ئەم پلانە رابگەیێنێت کە ئەمە یەکێک دەبێت لە سیاسەتە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا، تاوەکو کۆچبەران سارد بکەنەوە لە رۆیشتن بۆ بەریتانیا لە رێگەی بەلەم و چووپی بچووکەوە بەسەر نۆکەندی ئینگلیزدا.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا لە کاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، نزیکەی 50,000 پەناخوازی نایاساییان لە بەریتانیا دیپۆرتکردووەتەوە لەوەتەی پارتی کار لە تەممووزی 2024 هاتووەتە سەر دەسەڵات.
هەروەها ئامارە فەرمییەکان ئاشکرایان کردووە، بە بەراورد بە 16 مانگی پێش مانگی تەممووزی 2024 و لە سەردەمی حوکمڕانی پارتی پارێزگاران، رێژەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران 23% زیادیکردووە.
بەریتانیا نەیشاردووەتەوە، ئەم پلانە نوێیەی لە سیاسەتێکی هاوشێوەی حکومەتی دانیمارک کۆپی کردووە، کە ئەو وڵاتە بە خاوەنی یەکێک لە سەختترین سیستەمەکانی پەنابەرێتی لە تەواوی ئەورووپا دادەنرێت.
بە گوێرەی سیستمە نوێیەکەی پارتی کاری دەسەڵاتدار پێشنیازی کردووە، بەوەی مافی مانەوەی پەناخوازان، مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتییان پێدەدرێت و مۆڵەتەکەش بۆ دوو ساڵە و دواتر جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکان دەکرێت.
تەنانەت بۆ ئەوانەش کە مافی مانەوەیان بۆ چەندین جار درێژ دەکرێتەوە، بەڵام بەدەستهێنانی وڵاتینامەی بەریتانی زۆر ئەستەمتر دەکرێت و پرۆسەکەش درێژتر دەکرێتەوە.
بە گوێرەی میدیای بەریتانیا، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی بەریتانیا، وەزیری ناوخۆ، دان بەوەدا بنێت کە دیاردەی کۆچبەریی و هاتنی شەپۆلی کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی بەریتانیا "لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە".
بە گوێرەی ئاماری فەرمی حکومەتی بەریتانیا، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا، زیاتر لە 38,700 کۆچبەر بە بەلەم روویان لە بەریتانیا کردووە کە ئەمەش بە بەراورد بە ئاماری دوو ساڵی رابردوو، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ