د. موحسین عەبدولحەمید: حەسەن بەننا لەسەر كورد هاتووەتە دەنگ

16-01-2014
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن حەسەن بەننا كورد
A+ A-
رووداو- هەولێر

سەرۆكی پێشووی حیزبی ئیسلامی عێڕاقی رایدەگەیەنێت، حەسەن بەننا، دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین لەسەر كورد هاتووەتە دەنگ و دوای ئەوەی جوڵانەوەی شۆڕشی بارزان دەستیپێكرد،  یاداشتنامەیەكی نارِەزایی ئاراستەی حكومەتی عێڕاق كردووە.

د. موحسین عەبدولحەمید، سەرۆكی پێشووی حیزبی ئیسلامی عێڕاقی بەشداری بەرنامەی (هەڤپەیڤین)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی كرد و رایگەیاند، دوای ئەوەی جوڵانەوەی شۆڕشی بارزان دەستیپێكرد، حەسەن بەننا، دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمینی جیهان یاداشتنامەیەكی ئاراستەی حكومەتی عێڕاقی كرد و تێیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەوەی ئێوە لە بارزان و چەند شوێنێكی دیكە دەیكەن، دژی برایەتی ئیسلامییە و زوڵمە.

گوتیشی: "ئەو یاداشتنامەیە لە گۆڤاری ئیخوان موسلیمن لە ساڵی 1945 بڵاوكراوەتەوە".

سەبارەت بە بێدەنگی ئیخوان موسلمین لەبەرامبەر ئەنفال و كیمیابارانكردنی گەلی كورد، د. موحسین گوتی: "لەسەردەمی رژێمی بەعس بۆ ماوەی 35 ساڵ  هیچ كەسێك نەیدەتوانی بڵێ من ئیخوانم، لە دەرەوەی عێڕاقیش ئەو ئیخوانانەی رایانكردە دەرەوەی عێڕاق و حیزبی ئیسلامییان دامەزراند، گوتاریان لەبارەی فیدڕاڵییەتی كوردییەوە نووسیوە".

سەرۆكی پێشووی حیزبی ئیسلامی عێڕاقی دەڵێت "ئەو ئیخوانانەی لە عێڕاقەوە روویان لە دەرەوە كرد، لە ساڵی 1988 بە نووسین و دەركردنی كتێبی فیدڕاڵییەت دەستیان بە هێرشكردنە سەر حكومەتی عێڕاقی كرد، ئەوان دەیانگوت دەبێ فیدڕاڵی بۆ كورد هەبێت و كوردەكان حوكمی زاتییەتێكی حەقیقییان هەبێت".

ئەوەش بیردەخاتەوە، یەكەم سەرۆكی حیزبی ئیسلامی عێراقی بووە كە دوای راوێژكردن بە ئەنجوومەنی شورا و   قیادەی  حیزبەكەی، ساڵی 2003 بەشداری كۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێڕاقی لە سەڵاحەدین كردووە و بە راشكاوانە پشتیوانی لە فیدڕاڵییەت كردووە.

ئاشكراشیكرد، لە كۆنگرەی یەكێتیی جیهانیی حیزبی ئیسلامی لە ساڵی 2006، بە وردی یوسف  قەرەزاوی لەكێشەی كورد تێگەیاندووە، ئەویش پشتیوانی كێشەی كوردی كردوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە قەتەر دەژیێت، "بۆیە پێموایە بەمهۆیەوە خۆی لە قسەكردن لەسەر پرسی كورد دوور دەخاتەوە، سیاسەت وادەكات هەموو راستییەكان بە راشكاوی نەڵێت".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی وایكردووە ئیخوان پشتیوانی دۆزی كورد نەكات، هەڵوێستی رۆشنبیرانی كوردە، "تاوەكو ئێستا زۆربەیان دژی ئیسلامن، ئەمەش وایكردووە جوڵانەوەی كوردی وەك جوڵانەوەیەكی ئیلحادی دەردەكەوێ، هەر بەڕاستیش ئاڕاستە گشتییەكە بەوشێوەیەیە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە