رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فەرەنسا ئاسایشی قوتابخانەکانی جوو و پەرستگەی ئەو پێکهاتە ئایینیە زیاد دەکات، ئەوەش دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و مەترسی هەبوونی کاردانەوە لە وڵاتانی دیکەدا.
جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رۆژی دووشەممە 15-4-2024 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، لە کاتێکدا پشوو و فێستیڤاڵی پاسئۆڤەری جووەکان نزیک دەبێتەوە و "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە نێودەوڵەتییەش ئێستا هەیە، بە بەرپرسانی نێوخۆییم راگەیاندووە کە ئاسایش بەشێوەیەکی بەرچاو لەو شوێنانە زیاد بکرێت کە هاووڵاتیانی جوومان سەردانیان دەکەن، بە تایبەتی پەرستگە و قوتابخانەی جووەکان."
مەبەستی دارمانین لە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نێودەوڵەتی، هێرشی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل و گرژییەکانی ناوچەکەیە کە ئیسرائیل رایگەیاندووە، وەڵامی دەبێت. ئەمریکاش بە ئیسرائیلی گوتووە، "بە وریایی" بیر لە وەڵامەکە بکەرەوە.
پاسئۆڤەر یەکێکە لە پشوو و فێستیڤاڵە سەرەکییەکانی جوو و تێیدا ئەو پێکهاتە ئایینیە جیهاندا خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن لە بەرامبەر رزگاربوونی جووەکان لەو دۆخەی لە میسر تێی کەوتبوون.
کاتی بۆنەکە لە رۆژژمێری زایینیدا لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە دەگۆڕدرێت. ئەم ساڵ لە 22ی نیسان دەستپێدەکات و 30ی مانگ کۆتایی دێت.
دانیشتووانی فەرەنسا نزیکەی 65 ملیۆن کەسن و 440 هەزار کەسیان جوون و 14 پەرستگەیان لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا هەیە.