ترەمپ: ئێران 42,000 خۆپیشاندەری بێتاوانی کوشتووە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوو پەیامی نوێ لە ترووس سۆشیاڵ، هێرشی کردە سەر حکومەتی ئێران و هاوکات رەخنەی لە پاپا و هاوپەیمانیی ناتۆ گرت سەبارەت بە هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە جەنگی ئێستا.
ترەمپ لە پۆستی یەکەمیدا داوای کرد پەیامەکەی بگەیێندرێتە پاپا لیۆ و گوتی: "تکایە با یەکێک بە پاپا لیۆ بڵێت کە ئێران لانی کەم 42,000 خۆپیشاندەری بێتاوان و بێچەکی لە ماوەی تەنیا دوو مانگی رابردوودا کوشتووە."
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە گوتی، هەبوونی بۆمبی ئەتۆمی لە لایەن تارانەوە "بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە." ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەمریکا گەڕایەوە."
لە پەیامێکی دیکەی کورتدا، دۆناڵد ترەمپ نووسی: "ناتۆ لە کاتی پێویستدا لەگەڵمان نەبوو، و لە داهاتووشدا لەگەڵمان نابێت." ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی روونە بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ناتۆ بەهۆی بێلایەنبوونی وڵاتانی ئەورووپا لە جەنگی دژی ئێران.
ئەم هێرشە میدیاییانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە جەنگی ئێران ئێستا وەستاوە و ئاگربەستێکی 14 رۆژە راگەیێندراوە.