رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیهان بەرەو ئاژاوە و وێرانکاری دەبات. دەشڵێت، ململانێی ئێستا تەنیا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەبێت و ئاشکرای کرد، ئومێدێکی زۆر هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی واشنتن و تاران.
لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی UN رایگەیاند، رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە جەنگی ئێران و ئیسرائیل دا "پێشێل دەکرێت" و "سڤیلەکان رووبەڕووی زیانی تاقەتپڕوکێن دەبنەوە، تەنانەت پاراستنی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رەچاو ناکرێت." ئەوەشی خستەڕوو، بێ بوونی یاسا، ناسەقامگیری و بێ متمانەیی بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاودەبێتەوە.
گۆتێرێز ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی "ئەگەرێکی زۆر هەیە" گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران دووبارە دەستپێبکەنەوە، "ناواقیعییە چاوەڕوان بین کێشەیەکی وا درێژخایەن لە یەک دانیشتندا چارەسەر ببێت، بۆیە دەبێت دانوستاندنەکان بەردەوام بن و ئاگربەستیش بپارێزرێت." هەروەها ستایشی رۆڵی پاکستانی کرد لە نێوەندگیریی نێوان هەردوو وڵات.
ئەم لێدوانانەی گوتێرێز لە کاتێکدا دێن، واشنتن میوانداریی یەکەمین گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان دەکات دوای چەندین دەیە. هەرچەندە لایەنی لوبنانی داوای ئاگربەست دەکات، بەڵام ئیسرائیل جەخت لە سەر چەککردنی حیزبوڵڵا دەکاتەوە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێک، کە ئەمەش درزێکی گەورەی لە نێوان داواکارییەکانی هەردوولادا دروست کردووە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کرد، کۆتایی ئەم هەفتەیە گەشت دەکات بۆ شاری لاهای لە هۆڵەندا تاوەکو بەشداری لە 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) بکات. سکرتێری UN گوتی، ئەم سەردانە پەیامێکە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان کە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ هەمووان وەک یەکە و رێزگرتن لێیان ئارەزوومەندانە نییە.
لە کۆتاییدا گۆتێرێز داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێز لە ئازادیی کەشتیوانی بگرن، بەتایبەتی لە تەنگەی هورمز و رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و دیپلۆماسی بخەنە پێش هەر بژاردەیەکی سەربازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ